خاتەمی، سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران: فیدرالی شیاوترین شێوازی حوكمڕانییە بۆ ئێران
  2019-05-13       3610       

ئا: ئاوێنە

محەمەد خاتەمی، سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران یەكێك لە"تابۆ"كراوەكانی كۆماری ئیسلامی دەشكێنی‌و دەڵێت "فیدرالی شیاوترین شیاوزی حوكمڕانییە بۆ بەڕێوەبردنی ئێران".


ئەمە یەكەمجارە یەكێك لەكاربەدەستە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی راشكاوانە ئەم بابەتە رابگەیەنێت‌و پێشنیاری بەڕێوەبردنی ئێران بەشێوازی فیدرالی بكات‌و بەگونجاوترین شێوازی حوكمڕانیشی ناوببات بۆ وڵاتەكەی.


محەمەد خاتەمی، سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران‌و یەكێك لەدیارترین سیماكانی باڵی ریفۆرمخوازی ئێران، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شاری تاران رایگەیاند "باشترین شێوازی حكومڕانی لەلایەن خەڵكەوە بریتییە لەحكومەتێك لەسەر بنەمای فیدرالی".


خاتەمی وتوشیەتی "بەداخەوە لەڕوی دەستورییەوە ئێران ناتوانێت فیدرالی بێت".


خاتەمی رۆژی شەممەی رابردو ئەم قسانەی راگەیاند، ئەو بەئەندامانی ئەنجومەنی شاری تارانی وت "رەنگە لەئێستادا لەروی سیاسییەوە فیدرالی رێگەپێدراوو گونجاو نەبێ‌، بەڵام لەڕاستیدا شیاوترین شێوازی حكومەتی گەل بریتییە لەبەڕێوەبردنی فیدرالیی".


وتوشیەتی "لەسەردەمی سەرۆك كۆماریی مندا لەوەزارەتی ناوخۆ 10 هەرێممان دیاریكردوە بۆ ئەوەی بەشێوەی فیدرالی كار بكەن، بەڵام لەڕوی دەستورییەوە نەماندەتوانی جێبەجێی بكەین‌و فیدرالی بین".  


خاتەمی ئەوەشی رونكردوەتەوە كە شوراكانی شار‌و گوندەكان هێمای كۆمەڵگەی مەدەنین‌و لەسەردەمی دەوڵەتی ریفۆرمخوازی ئەمدا خراونەتە بورای جێبەجێكردنەوە.


خاتەمی رایگەیاندوە "شورای شار‌و گوندەكان بۆ ناوچە نەتەوەییەكانی وڵات بایەخێكی گرنگ‌و تایبەتی هەیە، لەو ناوچانەدا زیاتر بەڕێوەبەرانی باڵای فەرمانگەكان خەڵكی رەسەنن، بۆیە شوراكان بەكردەوە دەتوانن خواستی نەتەوەكان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوەو سەرۆك شارەوانیەكان هەڵبژێرن‌و پەیامێكیشە بەدەوڵەت كە بەڕێوەبەرانی لۆكاڵی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان زیاتر بەكاربهێنرێن".


راشیگەیاندوە "چالاكوانە مەدەنیەكانی ناوچە نەتەوەیی‌و ئیتیكییەكان بەگەشبینیەوە لەشوراكان دەڕوانن‌و شوراكانی شار‌و گوندەكانیان وەك جۆرێك لە"ئۆتۆنۆمی"‌و "پارلەمانی لۆكاڵی" سەیر دەكەن. ئەم ئۆرگانە لەم روەوە بایەخی هەیە كە لەو ناوچانەدا كە ئوستاندار، فەرماندار‌و بەڕێوەبەری ئەودوای فەرمانگەكان لەلایەن دەوڵەتەوە دادەنرێن، بەڵام سەرۆكی شارەوانیەكان لەلایەن شوراكانەوە هەڵدەبژێردرێن، لەبەرئەوەیە هەڵبژاردنی شوراكان لەناوچە نەتەوەییەكان بەوپەڕەی حەماسەوە ئەنجامدەدرێت".



بەپێی راپۆرتێكی بەشی فارسی DW، شورای شارو گوندەکان بەوتەی خاتەمی "رەوتی كۆمەڵگە" بەرەو خەڵك سالاری، بەڵام لەماوەی 40 ساڵی رابردودا شوراكان نەبونەتە ئۆرگانێكی دیموكراتی‌و خەڵكی، ئەوەی جێی سەرنجە پێشنیازكردنی فیدرالی وەك شیاوترین شێوازی حكومڕانی بۆ ئیدارەكردنی وڵات لەلایەن سەرۆك كۆماری پێشوی ئێرانەوە جۆرێكە لە"تابۆ شكێنی" لەكۆماری ئیسلامی ئێراندا. ئەمە یەكەمجارە ئەم بابەتە لەلایەن باڵاترین كاربەدەستی وڵات واتە سەرۆك كۆماری پێشوی ئێرانەوە وا بەڕاشكاوی رابگەیەنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×