بی بی سی: مەكگۆرك بە بەرپرسانی باڵای عێراقی وتوە هێزەكانی ئەمریكا قۆناغ بە قۆناغ لە عێراق دەكشێنەوە
  2021-07-15       1447       

ماڵپەڕی كەناڵی بی بی سی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە بڵاویكردەوە، برێت مەكگۆرك، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی وتوە، هێزەكانی ئەمریكا قۆناغ بە قۆناغ لە عێراق دەكشێنەوە.

ئاوێنە: بی بی سی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەواڵێكی بەپەلەدا لەزاری چەند بەرپرسێكی حكومەتی عێراقەوە بڵاویكردۆتەوە كە برێت مەكگۆرك وتوشیەتی، سەرەتا هێزە شەڕكەرەكانی وڵاتەكەی و دواتر هێزەكانی دیكە دەكشێنرێنەوە بەڵام كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق هاوشێوەی كشانەوەیان لە ئەفغانستان بە یەك قۆناغ نابێت.

ماڵپەڕی بی بی سی نوسیویەتی، خشتەیەكی زەمەنی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەمیانی سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا بۆ ئەمریكا لە چوارچێوەی گفتوگۆ ستراتیژییەكاندا، دیاری دەكرێت.

شەوی رابردو برێت مەكگۆرك بە یاوەری وەفدێكی باڵای رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و وەفدێكی یاوەری بەسەردانێك گەیشتە بەغداو ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمارو بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەكگۆرك و مستەفا كازمی لە كۆبونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆیان كردوە لەبارەی هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕی داهاتوی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا. هەروەها  میکانیزمی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان لە عێراق و گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ لە هاوکاریی ستراتیژی،  بۆ پەرەپێدەرپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردو وڵات و بەهێزکردنی ئاسایش و سەروەری عێراق. ئەمە وێڕای فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەکانی ئابوری، رۆشنبیری و بازرگانی و هاوکاری تەندروستی و روبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا دۆخی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و دوپات لەوەکراوەتەوە، کە ناوچەکە پێویستی بە سەرخستنی دیالۆگ و هێورکردنەوەیە لەگەڵ رۆڵی گەشەسەندوی عێراق لەو بوارەدا.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لە كۆبونەوەی نێوان بەرهەم ساڵح و برێت مەكگۆركدا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی گفتوگۆکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لەکۆبونەوکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و کەلتوری لەچوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هەردو وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، هەروەها دوپاتکرایەوە لەگرنگی درێژەدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و ریشەکێشکردنی لەسەرتاسەری ناوچەکەدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×