13 تاوەری كارەبا لە عێراق تەقێندرانەوە
  2021-08-05       389       
وەزارەتی كارەبای عێراق دەڵێت، “لە ماوەی 48 كاتژمێردا 13 تاوەری كارەبا لە كەركوك و سەڵاحەدین تەقێندراونەتەوە.”

ئاوێنە:ڕاگەیاندنی كۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وزەی كارەبای باكوور لە وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاب ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، جەنگی تاوەرەكان و بە ئامانجگرتنی هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا فراوانتر بووە و تەنها لە 48 كاتژمێری ڕابردوودا 13 تاوەری كارەبا تەقێندراونەتەوە.

ڕاگەیەندراوەكە ڕوونیكردووەتەوە، هێڵی گواستنەوەی کارەبای کەرکوک- گەیارە كە 400 کەیڤی-یە، لە کەرکوک ڕوبەڕووی هێرشی “تیرۆریستی” بووەتەوە و پێنج تاوەر تەقێندراونەتەوە. هەروەها دوو تاوەری هێڵی گواستنەوەی كارەبای ناحیەی ڕیاز تەقێندراونەتەوە و بەوەش لە پارێزگای كەركوك حەوت تاوەر لەكاركەوتوون.

ئاشكراشیكردووە كە لە پارێزگای سەڵاحەدین شەش تاوەر بە ژمارەیەك بۆمبی چێندراو تەقێندراونەتەوە و ئەوەش زیانی بەر كەرتی كارەبای سامەڕا و دۆر و چەند ناوچەیەكی تری پارێزگاكە گەیاندووە.

وەك وەزارەتەكە باسی كردووە، هێرشەكان كاریگەریی گەورەیان لەسەر كارەبای هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین دروستكردووە، بەڵام تیمەکانی کارەبا لە هەوڵدان بۆ چاککردنەوە و بەگەڕخستنەوەی تاوەرەکان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×