دواین هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی لەسەر كێشەكانی یەكێتی
  2021-08-07       2138       
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت؛ کێشەکان بە ڕێکاری حزبی و لە چوارچێوەی یاسا و پەیڕەو و پرۆگرامی حزبییەوە چارەسەر دەکەین.

ئاوێنە: ئەمڕۆ، لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە چین و توێژە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ئاشتەوایی دۆخی ناوخۆی یەکێتیی سەردانیانیان كردبوو، ڵاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: بە هەمان سیاسیەتی ڕابردوو کاردەکەن لە پێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەو پەڕی ئارامی و دانبەخۆداگرتنەوە مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەکان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوەی کە بووەتە هۆی نیگەرانی جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی.

دەشڵێت: بەڵێنم پێدان کێشەکان بە ڕێکاری حزبی و لە چوارچێوەی یاسا و پەیڕەو و پرۆگرامی حزبییەوە چارەسەر دەکەین.

ڕۆژی هەشتی تەموز، بەهۆی گۆڕینی سەرۆكی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتییەوە، ئاڵۆزی كەوتە نێوان هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتییەوە، دواتر لە ڕاگەیەاندنەكانی یەكێتی و نزیك لە بافڵ تاڵەبانییەوە لاهور شێخ جەنگی بە ژەهرخواردكردنی بافڵ تاڵەبانی تۆمەتباركرا، لە كۆبونەوەی 13ی تەموزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی بوو بۆ بافڵ تاڵەبانی.

لەوكاتەوە تائێستا، كێشەكان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و چارەسەر نەكراون و هەرچەندە چەندین هەوڵی نێوەندگیری هەبووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×