نامەیەکی کراوە لەعەلی شامار-ەوە بۆ هەردوو هاوسەرۆکانی یەکێتیی کاک بافڵ تاڵەبانی‌و کاک لاهور شێخ جەنگی
  2021-08-10       1711       
بەڕێزان، کاک بافڵ تاڵەبانی و کاک لاهور شێخ جەنگی، لەرێگەی ئەم پەیامەوە دەمەوێت نیگەرانی قوڵی خۆم لەخراپی دۆخی ناوخۆی یەکێتیی بە ئێوە و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەم رابگەیەنم، بەداخەوە رۆژانە دەبینم یەکێتیی لە دۆخێکدایە کە ناحەزانیش حەسودی پێ نابەن، لە کاتێکدا ھەر ئەم ھێزە بوو کە لە شاخ ئومێدی بەبەر نائومێدیدا دەکردو بەجۆرێک ئاوێتەی ھزرو بیری تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەلکی کوردستان ببو.

من وەکو ھاورێی دێرینی ڕەحمەتی سەرۆک مام جەلال و پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆرش تکاتان لێدەکەم وەک سەرۆک مام جەلال گەورەییی بنوێنن و لەمرۆ زوتر نیە کۆتایی بە کێشەکانی نێوانتان بهێنن، ئێمە لەھەموو کات و ساتە ناخۆشەکان پێشمەرگەیەکی بە ئەمەکی یەکێتیی بوین و لەدوای چەندین جار برینداربوون و گەڕانەوە لە لێواری مەرگ، ئێستاش کە دوا ساتەکانی تەمەن بەرێدەکەم و ھیچ ھیوا و ئاواتێکم نەماوە جگە لە پاراستنی یەکێتیی ناو یەکێتیی، بۆیە سوێندتان دەدەم بە گۆڕی مامی گەورە و ڕابەرمان و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری و ھەرچی پیرۆزییەکانی یەکێتیە کۆتایی بەکێشەکانی نێوان تان بهێنن و دەست لەناو دەست وەک برا یەکێتیی بکەنەوە بە یەکێتییەکەی سەردەمی شاخ و دڵی جەماوەر و ئەندام و کادر و لایەنگرانتان خۆش بکەن کە ئێستا بەو پەری نیگەرانی و بێزارییەوە لە چاوەروانیدا ماونەتەوە.

لێرەشەوە پێتان رادەگەیەنم گەر ھەوڵەکانتان پێچەوانەی داوای ئێمەو جەماوەری یەکێتیی بێت ئەوا دڵنیاتان دەکەم دواجار ھەر دۆخێکی نەخوازراو بە سەر یەکێتیدا بێت ئێوە لێی بەرپرسن و مێژوو ھیچ کات رەحمتان پێ ناکات.

دڵسۆزتان
عەلی شامار
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×