لاهور شێخ جەنگی: ئەوەی بەناوی چاكسازییەوە رودەدات بۆ گەیشتنە بە هەندێك مەرامی تایبەتی
  2021-08-11       1263       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی جەخت دەكاتەوە كە كێشەكانی ناوخۆی حزبەكەیان دەبێت لە رێگەی ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە چارەسەربكرێن نەك بە "خۆسەپاندن و خواستی كەسی" و لەبارەی ئەو تۆمەتانەیشی كە روبەڕوی دەكرێنەوە دەڵێت"سیناریۆ و چیرۆکی داتاشراو دەبیستین."و بەقسەی ئەو "ئەوەی ڕودەدات بە ناوی چاکسازییەوە بۆ گەیشتنە بە هەندێک مەرامی تایبەتی."

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبوك، ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی کردوە لە هانس ئاکربوم، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ یان تین هۆڤ، راوێژکاری سەربازی لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێم.

لاهور شێخ جەنگی وتویەتی لە دیدارەكەدا "جەختمان کردەوە کە دەبێت کێشەکانی ناوخۆی حزبەکەمان بە ڕێکاری یاسایی و حزبی و بەپێی پەیڕەو و پرۆگرام و لە ڕێگەی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە چارەسەر بکرێن نەک بە خۆسەپاندن و خواستی کەسی. "

ئەوەشی وتوە"لەبارەی ئەو تۆمەتە بێبنەمایانەی ڕوبەڕومان دەکرێتەوە، ڕونمان کردەوە کە سیناریۆ و چیرۆکی داتاشراو دەبیستین، دەبێت یاسا سەروەر بێت و لە دادگا یەکلایی بکرێنەوە، ناکرێت چیتر بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆز، تێکەڵ بە ڕوداوەکانی ناو یەکێتیی بکرێن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"کاتێک بەرەو هەڵبژاردن دەچوین و سەرقاڵی سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستانی بوین ئەم کارەساتە بەسەر حزبەکەماندا هات، ئەوەی ڕودەدات بە ناوی چاکسازییەوە گەیشتنە بە هەندێک مەرامی تایبەتی بە ڕێگایەکی ناشەرعی و لە دەرەوەی یاساو پەیڕەوی حزبی."

وتوشیەتی"هەردولا هاوڕا بوین لەسەر بەردەوامیی هەنگاوەکان بۆ یه‌كخستنی پێشمه‌رگه، تا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی‌ هێزێكی دامەزراوی نیزامیی مه‌شقپێكراوی نیشتمانی کە بەرگری له‌ به‌ها باڵا كوردستانییه‌كان بکات. پێشتریش ڕامانگەیاندوە و دوپاتیشمان کردەوە کە نابێت هێزە چەکدارەکان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بابه‌تی سیاسی و كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات بەکاربهێنرێن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×