کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێک لەگوندەکانی شارباژێڕ دروستبوو
  2021-08-16       423       

کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ زۆرێک لەگوندەکانی شارباژێڕ دروستبووە و قائیمقامی ماوەتیش داوای بەدەمەوەهاتنی دەسەڵات دەکات بۆ بەهاناوەچوونی ناوچەکەیان.

ئاوێنه‌: یەکێکی لەو گوندانەى لەئێستادا مەترسی لەسەر دروستبووە، گوندی سوورەقەڵاتە کە گەورەترین گوندی ناوچەى شارباژێڕە و زیاتر لە٣٠٠ ماڵ لەگوندەکەدا هەیە.

 کامەران حەسەن قائمقامی ماوەت ڕایگەیاند،  زیاتر لەمانگێکە چەمی خێوەتە وشکبووە، تەنها یەک گۆم ماوە کە وشکبێت.

ئاماژەى بەئەوەشدا، گوندی سوورەقەڵات زیاتر لە ٣٠٠ ماڵە، خەڵکی گوندەکە لەو گۆمەوە ئاوی خواردنەوە دابیندەکەن.

باسی لەئەوەشکرد، گۆمەکە ئاوی لەبەرناڕوات، بۆیە بە ھەموو قۆناغەکانی فلتەرین و پاکردنەوەدا تێپەڕیدەکەن، بۆئەوەی بۆ خواردنەوە کێشەی نەبێت و ڕۆژانەش دەیان ھەزار لیتر ئاوی لێوەردەگیرێت.

ئەوەشی باسکرد، نزیکی دوو مانگە، لایەنی پەیوەندیداریان لەم کێشە و مەترسییە ئاگادارکردووەتەوە، کە لەھەر چرکەیەکدا بێت پێدەچێت ئەم گوندە و چەند گوندێکی دیکەش ئاوی خواردنەوەیان نەمێنێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا بودجەیەک بۆ ئەم کێشەیە تەرخاننەکراوە.

ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەزاکە، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی سورەقەڵات و ئەو گۆمەشیان بەسەرکردەوە کە ئاوی لێوەردەگیرێت، کە بە داخەوە وا چاوەڕێ دەکرێت، ئەم گۆمەش لە دواڕۆژەکانی تەمەنیدا بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کێشەی ئاوی خواردنەوە لەسنووری شارباژێڕ نەک ھەر لە سورەقەڵات، بەڵکو کێشەی کەمئاوی بەگشتی و بە تایبەت ئاوی خواردنەوە بۆ زۆرینەی گوندەکانی سنورەکە دروستبووە، لەوانە ئاوکورتێ، ئەزمەک، کانی چنار،  زۆری دیکەش.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×