وتەبێژی تاڵیبان: لەسیستەمی داهاتوی ئەفغانستاندا ئافرەت لەسەر بنەمای شەریعەت بەشداریی پێدەکەین
  2021-08-17       761       
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، لەسیستەمی داهاتوی وڵاتدا ئافرەت لەسەر بنەمای شەریعەت بەشداریی پێدەکەن‌و رێگە بەمیدیا نادەن بەپێچەوانەی شەرع بجوڵێنەوە، بەڵام رێز لەمیدیاو رەخنەی میدیایی دەگرن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، زەبیحوڵا موجاهید لەیەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دوای کۆنترۆڵکردنی زۆرینەی ئەفغانستان رایگەیاند، "ئازادی و سەربەخۆبوون مافی هەموو گەلێکە، خەڵکی ئەفغانستانیش مافی ئەوەیان هەیە کە بە ئازادی بژین و خۆیان لە داگیرکەران رزگار بکەن."

وتیشی‌، "دوای ساڵانێک لە تێکۆشانی خەڵکی ئەفغانستان توانیومانە داگیرگەر لەوڵات دەرپەڕێنین، لەم کاتەشدا سەرجەم هێزەکانمان بۆ پاراستنی ئارامی بڵاوەیان پێکراوە و رێگە بەدروستبونی پشێوی لەکابوڵ نادەین، هەروەها بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی فەرمانگە حکومییەکان لێبوردنی گشتی دەرکراوە".

له‌باره‌ی‌ ڕۆڵی‌ ئاقره‌تان‌و میدیا له‌سیسته‌می‌ نوێی‌ ئەفغانستاندا، وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان وتی‌، لەسیستەمی داهاتوی وڵاتدا ئافرەت لەسەر بنەمای شەریعەت بەشداریی پێدەکەن‌و رێگە بەمیدیا نادەن بەپێچەوانەی شەرع بجوڵێنەوە، بەڵام رێز لەمیدیاو رەخنەی میدیایی دەگرن.

وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان ئەوەشی خستەڕو، بزوتنەوەکەیان پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت و دڵنیایی دەدەنە سەرجەم دیپلۆماتکاران کە ئاسایش و سەلامەتیان پارێزراو دەبێت.

زەبیحوڵا موجاهید ئاماژەی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ ئەوان پارێزگاری لە ئاسایشی باڵیۆزخانەکان و ناوچەی سەوز دەکەن. هەروەها دەشڵێت، "بە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردە دیپلۆماتەکان دەڵێین، مەترسن و دڵنیاییان پێدەدەین کە کەس ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەریان، چەکدارەکانی ئێمە هەموو توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی نێردەکانی ئەوان".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×