ئەردۆغان: پێویست بكات لەگەڵ ئەو حكومەتە كۆدەبینەوە كە تاڵیبان پێكی دەهێنێت
  2021-08-20       465       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئاشكرایكرد، ئەگەر پێویست بێت لەگەڵ ئەو حكومەتە كۆدەبنەوە كە بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان پێكی دەهێنێت. رەتیشیكردەوە كە یەك ملیۆن و نیو پەنابەری ئەفغانی لە توركیا هەبن.

ئاوێنە: ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان، دوای کۆبونەوەی کابینەی حكومەتەكەی، لە وتەیەكدا سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان، رایگه‌یاند"چونکە ئامانجی لە پێشینەمان سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتەیە، ئەگەر پێویست بێت لەگەڵ ئەو حکومەتەی کە تاڵیبان پێکی دەھێنێت کۆدەبینەوەو پرسی ھاوبەش تاوتوێ دەکەین."

ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا ھیچ ئەرک، بەرپرسیارێتی و ناچارییەکی نییە کە ببێتە کۆگای پەنابەران بۆ ئەورووپاو رایگه‌یاند: "وەک ئەوەی کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی کە لەگەڵیانن دەیڵێن، بە ھیچ شێوەیەک یەك ملیۆن و نیو ئەفغانی لە وڵاتەکەماندا نین. ھەمو ئەمانە درۆن."

بەپێی قسەی ئەردۆغان ژمارەی ئەو پەنابەرە ئەفغانیانەی لە ئێستادا لە توركیان لە 300 هەزار كەس تێناپەڕێت و وتیشی، 180 هەزاریان لای لایەنە پەیوەندیدارەكان تۆماركراون.

جەختیشی كردەوە كە لە ئەفغانستان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری بە ئامانجی ئەوەی شەپۆلی نوێی كۆچ لەو وڵاتەوە رونەكاتە توركیا.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا رایگەیاند، توركیا بەردەوامە لە گواستنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئەفغانستانن و دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بگەڕێنەوەو وتیشی، پێنج هەزار هاوڵاتی توركیا لە ئەفغانستان هەن كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، 500 كەس لەوانەمان لەگەڵ 83 كەسی بیانی هێناونەتەوەو بەردەوامیش دەبین لە پڕۆسەی هێنانەوەیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×