گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان: رێگای دادگا بەرامبەر پەرلەمانتار غالب محەمەد دەگرینەبەر
  2021-08-20       460       

گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان رایگەیاند، ناچارن رێگای دادگاو یاسا بەرامبەر بە غالب محەمەد، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بگرنە بەر بە پاساوی ئەوەی "ناوی زڕاندون." ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە وتبوی، كۆمپانیای قەیوان، مادەی نەفتا لە حكومەتی عێراق بە داشكاندن وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی مەرزەكانەوە بۆ دەرەوەی وڵات ببرێت، بەڵام لەڕێگەی ماددەی چاككەرەوەو تێكەڵكردنی لەگەڵ بەنزین وەك بەنزین بە هاوڵاتیانی هەرێمی دەفرۆشێتەوە.

ئاوێنە: غالب محەمەد، دوێنێ پێنجشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتبوی"كۆمپانیای قەیوان، مادەی نەفتای لە حكومەتی عێراق بە داشكاندنی 120 دۆلار لە هەر تەنێك وەرگرتوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی مەرزەكانەوە بۆ دەرەوەی وڵات ببرێت، بەڵام  كۆمپانیای قەیوان دێت بە مادەی چاككەرەوەو تێكەڵكردنی لەگەڵ بەنزین دواتر وەك بەنزین بە هاوڵاتیانی كوردستانی دەفرۆشێت بەمەش خەڵكی هەرێمی كوردستان دو جار زەرەرمەند دەبن" كە "ئەمە هۆكاری سەرەكیە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە سلێمانی و دەوروبەری" و هەروەها "دەبێتە هۆكاری كەمكردنی ئەو بەنزینەی كە هاوڵاتیان دەیكڕن" لەگەڵ گرانبونی.

ئەمڕۆش گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"ماوەیەکە بەڕێز (غالب محەمەد)، لەچەند نوسین و لێدوانێکدا بێ بەڵگە و بێ پاساو تۆمەت دەخاتە پاڵ گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و چەند شتێک باس دەکات کە هیچ بنەمایەکی نییە ودور و نزیک پەیوەندی بەئێمەوە نییە."

ئەوەشی وتوە"گەر ناوبراو بەڵگەیەکی هەیە ئەوا دەتوانێ بەڕێکاری پەرلەمانی و یاسایی کاری لەسەر بکات، ئەوەش ڕێگا دروستەکەیە، بۆیە هیچ رونکردنەوەو وەڵامێکمان نەبوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "گروپی کۆمپانیاکانی قه‌یوان ناچاره‌ ڕێگای دادگاو یاسا لەبەرامبەر ئەو ناوزڕاندنەی بەڕێزیان بگرێته‌به‌ر."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×