وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 16,000 کەس لە فڕۆکەخانەی کابوڵ گواستراونەتەوە
  2021-08-24       512       

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 16,000 کەس لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستراونەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەمەریکا هەوڵدەدات تاوەکو 31 ی مانگی هەشت ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان تەواو بکات.

ئاوێنه‌: جەنەڕاڵ هانک تەیلەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 61 فڕۆکەی سەربازی و ئابووری و مەدەنی لەگەڵ کۆمەڵێک فڕۆکەی وڵاتانی دیکەدا هاوڵاتیانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای گواستۆتەوە.

تەیلەر وتی ڕۆژی دووشەممە لە کۆی ئەو ژمارەیە 11,000 کەسیان لەڕێی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە گواستراونەتەوە.

وتیشی لە مانگی حەوتەوە تاوەکو ئێستا ئەمەریکا 42,000 کەسی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ گواستۆتەوە، 37,000 کەسیان لەدوای کۆنترۆڵکردنی کابوڵەوە بوو لەلایەن تاڵیبانەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی لەنێو ئەو کەسانەدا کە گواستراونەتەوە " چەند هەزار هاوڵاتیەکی ئەمەریکیان تێدایە و هەزاران ئەفغانیشیان تێدایە کە پێشتر لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا کارییان کردووە و داوای ڤیزای کۆچبەری تایبەتیان کردووە، هەروەها ئەو کەسانەشی تێدایە کە مەترسی هەڕەشەکانی تاڵیبانیان لەسەرە و لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کارەکانی دیکە کارییان کردووە."

کیربی وتی ئەمەریکا سەنگی خستۆتەسەر ئەوەی لە 31 ی مانگی هەشتدا سەرجەم ئەرکەکانی گواستنەوەی ئەمەریکییەکان لە ئەفغانستان تەواو ببێت، ئەو کاتەش لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکە جۆو بایدنەوە داندراوە.

ئەمەش کشاندنەوەی ئەو 5,800 سەربازەی ئەمەریکا دەگرێتەوە کە لە 14 ی مانگی هەشتەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ جێگیرکراون و ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان دەپارێزن، هەروەها ئەو کەلوپەلانەشیان کە بەهۆی ئەرکەکانیانەوە هێناویانەتە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە.

بەرپرسانی ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا وتیان گواستنەوەی هاوڵاتیانیان پێدەچێت لە دوای 31 ی مانگی هەشتیشەوە بەردەوام بێت، هەروەها وتیشیان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکاش لە فڕۆکەخانەی کابوڵ بمێننەوە یارمەتی ئەرکە نێودەوڵەتیەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان بدەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×