فواد حسێن: دۆخی عێراق جیاوازە لە دۆخی ئەفغانستان
  2021-08-24       387       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دۆخی عێراق جیاوازە لە دۆخی ئەفغانستان و عێراق خاوەنی چەند دامەزراوەو هێزێكی ئەمنییە كە توانای روبەڕوبونەوەی داعشی هەیە لەكاتی كشانەوەی ئەمریكادا. دەشڵێت: هێشتا زوە بۆ بابەتی داننانی عێراق بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیباندا لە ئەفغانستان.

ئاوێنە: فواد حسێن، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی سپوتنێك-ی روسی لەبارەی هەڵوێستی عێراق بۆ داننان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا لە ئەفغانستان، وتویەتی، هێشتا زوە بۆ بابەتی داننان بە دەسەڵاتی ئەفغانستاندا بەڵام نیگەرانییەكی زۆرمان هەیە بەرامبەر بە گەلی ئەفغانی و دۆخی ئەو وڵاتە كە هەزاران هاوڵاتیانی ئەفغانی لەبەردەم كۆچكردندان و تاكە چارەسەریش بۆ دۆخی ئەفغانستان دانیشتنی سەرجەم لایەنەكانی ئەو وڵاتەیە لەسەر مێزی دانوستان.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەگەری ئەوە هەیە دۆخی ئەفغانستان لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكییەكاندا لە عێراقیش دوبارە ببێتەوە كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵدا بكشێنەوە؟ فواد حسێن وتویەتی"دۆخی عێراق جیاوازە لە دۆخی ئەفغانستان. لێرە حكومەت و دامەزراوەو هێزی ئەمنیمان هەیە، شەڕی داعشمان كردو سەركەوتین بەسەریداو خاوەنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی نایابین."

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە "دۆخی عێراق بەراوردناكرێت بە دۆخی ئەفغانستان."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"رەنگە ئەو گۆڕانكارییانەی لە ئەفغانستان رویانداوە ببنە مایەی ئیلهام بۆ چەكدارانی داعش لەناوچەكە یاخود بۆ پاشماوەكانی ئەلقاعیدەو گروپە تیرۆریستییەكانی دیكە...بەڵام لە عێراق هیچ دەرفەتێك بۆ تیرۆریستان نییەو گەلی عێراق هەموی بەڕوی تیرۆریستاندا دەوەستێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق توانای تەواوەتی هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر لەكاتی كشانەوەی ئەمریكادا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×