تەقینەوەیەك لە فڕۆكەخانەی كابوڵ رویدا
  2021-08-26       443       

تەقینەوەیەك لە نزیك فڕۆكەخانەی حامید كارازای رویداو وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش دەڵێت: هێشتا ژمارەو ناسنامەی قوربانیانی تەقینەوەكە نازانرێن.

ئاوێنە: كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لە زاری دو بەرپرسی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، لەدوای چەند رۆژێك لە هۆشدارییەكانی ئەمریكاو بەریتانیا لەسەر بونی زانیاریی هەواڵگری پشتڕاستكراوە لەبارەی پلانی داعش بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەقینەوەیەك لە نزیك فڕۆكەخانەی حامید كارازای لە كابوڵ رویداوە.

یەكێك لەو بەرپرسانە ئاماژەی بەوەشداوە ژمارەیەك ئەفغانی بەركەوتون و بەڵام تاوەكو زانیاریی نییە لەبارەی بونی بەركەوتو لەنێو ئەمریكییەكاندا.

هەروەها جۆن كێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هەواڵی تەقینەوەكە لە دەرەوەی بینای فڕۆكەخانەكە پشتڕاستكردۆتەوە.

وتوشیەتی، تاوەكو ئێستا ناسنامەی قوربانییەكان نەزانراون.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز تەقینەوەكە خۆكوژی بوەو كوژراو و برینداری لێكەوتۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×