هەپەگە: حەوت گەریلاكەمان لە خەلیفان لەلایەن پارتییەوە شەهیدكراون
  2021-09-04       1022       

هەپەگە ڕایگەیاند"بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە ناوچەی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پارتی بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون."

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، لەسەر چارەنوسی حەوت گەریلا، کە لە ڕۆژی 30ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵیان پچڕاوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە"بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون."

هەپەگە، وتوشیەتی"چەکدارانی پارتی، بە شیوازێکی نامەردانە بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردوە، ئەم کردەوە قیزەونە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە."

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئەم هێرشە زیانێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت، ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی پارتی، هێزەکانیان لە نزیک گەریلاکانمان جێگیردەکەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێدەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەکەمان، ئەوانمان نەکردوەتە ئامانج، ئێستاش هەر ئەوان خائینانە بۆسە بۆ هەڤاڵانمان دادەنێن و شەهیدیان دەکەن، بەمشێوەیەش شەڕێکی تاکلایەنەیان دژی ئێمە ڕاگەیاندوە."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"پێویستە هەمو گەلی کورد، پرسیار لە پارتی و بارزانی بکەن، لە شەڕێکی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی گەنجانی کورد، چیی بەدەست دێنن؟ بۆچی قیزەونانە شەڕمان پێدەفرۆشن؟ لەم قۆناغەدا دروستکردنی شەڕی کورد بە کورد، ئایا نابێتە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژوی گەلەکەماندا، پێویستە کورد و دۆستانی ئەم پرسیارانە لە پەدەکە و بارزانی بکەن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "هاوبەشیی پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بۆ ویژدان و دادپەروەریی گەلەکەمان و ڕای گشتی دەهێڵینەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×