ئیبراهیم رەئیسی: بونی ئەمریکا لە ئەفغانستان جگە لە وێرانکاری هیچی بۆ ئەو وڵاتە نەهێناوە
  2021-09-05       213       
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لەماوەی 20 ساڵی رابردودا، "جگە لە وێرانکاری هیچی بۆ ئەو وڵاتە نەهێناوە".

ئاوێنە: ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی پرسی ئەفغانستانەوە جەختی لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لەسەر بنەمای جیاوازی بۆچون و خواستی گەلی ئەفغانی کردەوە و وتی، "ئێران ئاسایشی ئەفغانستان بە هی خۆی دەزانێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی باشی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان دەپارێزێت، پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوەی تاراندایە.

ئەوەشی خستەڕو، شکستی سەربازی ئەمریکا و کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ نوێکردنەوەی ژیان و ئاسایش و بەردەوامی ئاشتی لەو وڵاتەدا، کە پێشتر بونی ئەمریکا لە ئەفغانستان تەنها وێرانکاری بۆ ئەو وڵاتە هێناوە.

دوای 20 ساڵ مانەوە و شەڕو پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان، 30ی مانگی (ئاب/8)ی ئەمساڵ هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان کشانەوە و دو هەفتە پێشتر و لە 15ی (ئاب/8)ییش بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستانی راگەیاند.

بەپێی رێککەوتنێکی پێشوەختە نێوان ئەمریکا و تاڵیبان، بەر لە چۆڵکردنی تەواوەتی ئەفغانستان، تەنها فڕۆکەخانەی کابوڵ بەدەستی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆوە بو، دوایین مۆڵەت رۆژی 31ی ئاب بو بۆ جێهێشتنی تەواوەتی وڵاتەکە، بەڵام رۆژێک بەر لە وادەکە وانشنتن رایگەیاند، تەواوی هێزەکان وڵاتەکەیان جێھێشتوە، بەوجۆرەش تاڵیبان دوای 20 ساڵ گەڕایەوە سەر دەسەڵات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×