ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان: ئەمریكا دەستیكردوە بە كشاندنەوەی زۆربەی هێزەكانی لە عێراق
  2021-09-09       867       

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رەتیدەكاتەوە ئەمریكا داوای مانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی كردبێت و دەشڵێت: ئەمریكا دەستی كردوە بە كشاندنەوەی بەشێكی زۆری هێزە شەڕكەرەكانی و هیچ بنكەیەكی سەربازیی لەنێو عێراقدا نەماوە تەنها لەنێو بەشێكی بچوكی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەدو بنكەی سەربازیی هەریردا ماون كە بنكەی سەربازیی یەكەمیان لەژێر فەرماندەیی هێزە عێراقییەكان و ئەوی دوەمیان لەژێر فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەدایە.

ئاوێنە: لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، لیژنەی هاوبەشی عێراق-ئەمریكا دەستیان كردوە بە جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی گفتوگۆی ستراتیژی كە دوایین وادەی مانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق رۆژی 31ی 12ی 2021یە.

جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق هیچ داواكارییەكی ئەمریكای بۆ مانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی پێ نەگەیشتوەو هاریكاریی نێوان هەردو وڵات لە بواری مەشق و راهێناندا دەبێت و كاركردن لەگەڵ ئەمریكا بەردەوامە لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و ئەمنییەوە بۆ شەڕی دژ بە داعش و رەنگیشە ئەگەر هێزە ئەمنییە عێراقییەكان پێویستیان بێت داوای هەوڵە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بكەن بۆ شەڕی دژ بە داعش.

ئاشكراشیكردوە كە هێزە ئەمریكییەكان بە ژمارەیەكی زۆر دەستیان بە كشاوە كردوە ئەوەش لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی گفتوگۆی ستراتیژیدا.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەمریكییەكان هیچ سەربازگەو ناوەندێكی سەربازییان لە عێراق نییەو تەنها لە بەشێكی بچوكی نێو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەددا هەن كە لەلایەن عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لەنێو بەشێكی بچوكی بنكەی سەربازی هەریریشدا هەن كە ئەو بنكە سەربازییەش لەژێر فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەدایە.

رونیشیكردۆتەوە كە ژمارەی ئەو شارەزا سەربازییە ئەمریكییانەی عێراقی پێویستینی، دەوەستێتە سەر بۆچونی دامەزراوە ئەمنییەكان لەوەی هێزە سەربازییە عێراقیییەكان پێویستیان بە چەندێك مەشق و راهێنان هەیە.

ئەوەش لەكاتێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەكانی عێراق، لەبەغدا پێشوازی لە وەفدێكی سەربازیی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی كێنیس مەكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا كردو لە دیدارێكدا تاوتوێی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانیان لە عێراق كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی ئەمریكاش لەبەغدا ئامادەی بوە، كێنیس مەكێنزی رایگەیاندوە، ئەو رێوڕەسمەی ئەمڕۆ بەڕێوەچوەو تێیدا فەرماندەییكردنی فەرماندەیی هاوپەیمانان لە فەریق بۆڵ كالفرێت-ەوە رادەستی لیوا جۆن برێنان كراوە، یەكێكە لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی كۆتاییهێنان بە بونی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لەعێراق.

مەكێنزی جەختیشی كردۆتەوە كە كەمكردنەوەی بونی سەربازییانەی ئەمریكا، پابەندیی وڵاتەكەی بە پەیوەندییە ستراتیژییە فراوانەكانییەوە لەگەڵ عێراق لاواز ناكات لە بوارە سیاسی و ئابوری و كولتورییەكاندا، وێڕای پەیوەندییە ئەمنییەكان لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات.

بەپێی بەیاننامەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا هەردو لا رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی نوێی لیژنەی سەربازیی تەكنیكی عێراقی و ئەمریكی لە پێناو جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی دیكەی ئەنجامەكانی گفتوگۆی ستراتیژی، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە كۆتاییهێنان بە بونی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لەعێراق تا كۆتایی ئەمساڵ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×