هیومان رایتس ۆوچ: كەمئەندامان لە عێراق روبەڕوی كۆسپی گەورە دەبنەوە لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا
  2021-09-16       394       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتودا روبەڕوی كۆسپی گەورە دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی بونی ئەو یاسایانەی كە جیاكاری دەكەن بەرامبەرییان و هەروەها نەگونجانی شوێنەكانی دەنگدان لەگەڵ پێداویستییەكانیاندا. هۆشداریش دەدات كە بەبێ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی بەپەلە، رەنگە سەدان هەزار كەس نەتوانن دەنگ بدەن.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە دەسەڵاتدارانی عێراق شكستیان هێناوە لە دەستەبەركردنی مافی هەڵبژاردن بۆ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

هەروەها هێمای بۆ ئەوە كردوە كە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان زۆرجار بێبەش دەكرێن لە مافی دەنگدان بەهۆی بونی ئەو یاسایانەی كە جیاكاری لە دژیان دەكەن و هەروەها بونی كۆسپ لەبەردەمیاندا بۆ گەیشتن بە شوێنەكانی دەنگدان لەگەڵ بونی بەربەستی یاسایی و سیاسی گەورە لەبەردەم خۆكاندیدكردنیاندا.

بەڵقیس والی، توێژەری باڵای قەیران و جەنگ لە هیومان ڕایتس ۆوچ، رایگەیاندوە"دەبێت حکومەت دەستەبەری بنكەكانی دەنگدان بە جۆرێك بكات كە بۆ هەمو دەنگدەرێك گونجاو بن. وێڕای ئەوەی هەندێک هەنگاو، لەوانە هەمواركردنەوەی یاساكان، كاتییان پێویستە، بەڵام هەندێك هەنگاوی دیكە ئاسانن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هیچ پاساوێكی نییە بۆ بەردەوامیدا بە شكستی خۆی لە نەگونجاندنی بنكەكانی دەنگدان لەگەڵ پێداویستی كەمئەنداماندا."

لەساڵی 2019 بكۆمسیۆنی كاروباری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند، بەهۆی چەندین دەیە لە شەڕو توندوتیژی؛ عێراق بوەتە یەکێک لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین ڕێژەی کەسانی کەمئەندامی تێدایە.

بەڵام بەگوێرەی قسەی هیومان رایتس ۆوچ، حكومەتی عێراق تا ئێستا ئامارێكی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كۆنەكردۆتەوە.

هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٣، پەرلەمانی عێراق دەنگیداوە بە پەسەندکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام بەپێی قسەی هیومان رایتس ۆوچ یاسا نێوخۆییەکانی عێراق لەم ڕوەوە کەموکورتییان تێدایە.

لە نێوان مانگی کانونی دوەم و ئاب، هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ١٤ کەمئەندام و چالاکوان و بەرپرس و ستافی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ راپۆرتەكەی ئەنجامداوە.
سوها ئەمین خەلیل، تەمەن ٤٤ ساڵ کە کورسی کەمئەندامی بەکاردەهێنێ و هەرگیز بەشداری لە هەڵبژاردن نەکردوە وتویەتی، "ڕۆژی هەڵبژاردن دڵتەنگترین ڕۆژە بۆ من. هەمو کەس دەچێت بۆ هەڵبژاردن بەڵام من لە ماڵەوە گیرم خواردوەو چاوەڕێم ڕۆژەکە کۆتایی بێت."

رێكخراوەكە داوای كردوە پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێی عێراق دەبێت هەستێ بە هەموراكردنی یاسا پەیوەندیدارەکان بەجۆرێک کە بەتەواوی هاوتابن لەگەڵ پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کەمئەندامان، ئەوەش بە راوێژ لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو ڕێکخراوانەی نوێنەرایەتیان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دەبێت دامەزراوەکانی چاودێری هەڵبژاردنی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا بەشداری بە کەمئەندامان بکەن وەک چاودێر لە بنکەکان و هەستن بە بەڵگەکردنی مامەڵەی جیاکاری لەدژی کەمئەندامان و سنوردارکردنی کەسانی کەمئەندام، لە ئەرکی نوسینی ڕاپۆرتەکانیان لە کاتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکاندا.

بەلقیس والی وتویەتی"دەبێت ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری دارایی و چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن، بەو وڵاتانەشەوە کە بەشێک بون لە ناکۆکییەکان، یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی عێراق، بە سیستمە سیاسیەکەشیەوە، بۆ شوێنێکی لەبار بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×