سلێمانی: لەماوەی دو رۆژدا دو کوردی باکور تیرۆرو بریندار دەکرێن
  2021-09-18       1613       
شوکری سەرحەد - فەرهاد بارش قۆندو

ئا: ئاوێنە


 سەرلەبەیانی دوێنێ هێرش کرایە کرایە سەر پەنابەرێکی سیاسی باکوری کوردستان لەگەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی‌و فیشەکێک بەر ملی کەوت‌و بریندار بو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش هەڤاڵێکی کوردی باکور لەگەڕەکی چوارچرا بەچوار گولـلە تیرۆر کرا.


ئەمڕۆ ١٧ی ئەیلول کاتژمێر ٠٩:٠٠ی بەیانی لەگەڕەگی چوارچرای شاری سلێمانی، "یاسین بولوت" ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، کە بە‘شوکری سەرحەد’ ناسراوە، لەلایەن میتی تورکەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلەو لەئەنجامدا شەهیدبو.


 شوکری سەرحەد تەمەنی ٦٤ ساڵ بو، خەڵکی شاری قارس بو لەباکوری کوردستان، ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بەڕێکخستنەکانی پەکەکەوە دەکاو لەکاتی کۆدەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠دا لەتورکیا دەستگیرکراوەو بۆ ماوەی ١١ ساڵ لەشاری ئامەد زیندانی دەکرێت، پاش ئازادبونی لەساڵی ١٩٩١ دیسان پەیوەندی بەپەکەکەوە کردوە، ئەو کە ماوەی 15 ساڵە وەک ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە کاری کردوە، بەمدواییانە بەهۆی نەخۆشییەوە چوەتە شاری سلێمانی‌و لەوێ دەیویست چارەسەری بۆ بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ کە دەیویست ماڵەکەی بەجێبهێڵێ بۆ ئەوەی بچێتە نەخۆشخانە، کەسێکی دەمامکدار لەپشتەوە لێی نزیک دەبێتەوەو تەقەی لێدەکاو شەهید دەبێت.

 

دوێنێش ١٦ی ئەیلول، پەنابەرێکی سیاسی باکوری کوردستان کە ناوی فەرهاد بارش قۆندوەو کارمەندە لەکۆمپانیای "جان دیاربەکر"ی گواستنەوەو گەیاندن، لەکاتێکدا کە بەیانی دەچێت ئۆفیسی کۆمپانیاکە بکاتەوە، دەبینێت کەسێکی دەمامکدار لەبەردەم ئۆفیسەکە ڕاوەستاوە کە کڵاوی لەسەر کردووەو چاویلکەی لەچاوکردووە، پاش ئەوەی فەرهاد ئۆفیسەکە دەکاتەوە، ئەو کەسە دەچێتە ناو ئۆفیسی کۆمپانیاکەو بەدەمانچە فیشەکێک دەنێت بەفەرهادەوەو بەر ملی دەکەو‌ێت.


فەرهاد بارش قۆندو، تەمەنی ٣٣ ساڵە و لەدایکبووی شارۆچکەی سیڤەرەکی سەر بە پارێزگای رووحای باکوری کوردستانە، ماوەی چوار ساڵە پەنابەری هەرێمی کوردستان بووە و لە سلێمانی دادەنیشێت.


کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەکەکە لەراگەیاندراوێکدا دەڵێت "ئەم دوو ڕووداوە بە دوای یەک نیشانی دەدات کە ئەردۆغانی فاشیست و میتی تورک بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دەستیان بە زنجیرەیەک کوشتارو کۆمەڵکوژی سیاسی کردووە. میتی تورک زۆر بەئاسانی و ئازادانە تیرۆری دەوڵەت ئەنجام دەدات. بۆیە پێش هەموو شتێک پێویستە حکومەتی باشوور و بەرپرسانی هەرێمی سلێمانی دەستبەجێ راگەیەنراوی بەپەلە بڵاوبکەنەوە و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر. ئەم هێرشە دڕندانەیە دژی گەلەکەمانە لە سلێمانی، دژی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم شارەیە. ئەگەر دەوڵەتی تورکی فاشیست بتوانێت لە هەر پارچەیەکی کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، ئەوە پێویستە ئێمەی کورد هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت و دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرینە بەر. ئەگەر هیچ هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو کوشتارانە نەبێت، ئەوا بکوژەکان دەستبەجێ دەستگیر ناکرێن و بکوژەکان لەوەوە هێزی زیاتر وەردەگرن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×