فاروق مەلا مستەفا: هەڕەشەم لێ نەکراوە و بە ئيسراحەت دەخەوم
  2021-09-18       739       


خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق رايگەياند، "من نە لە پێش 8ی تەمموز نە لەدوای 8ی تەمموز هەڕەشەم لێنەكراوە‌و بە ئیسراحەت دەخەوم"، دەشڵێت "ئەو قسەوباسانە راست نین كە دەوترێت بەم دواییە ئیشوكارمان لە سلێمانی بەهۆی ناكۆكی ناوخۆیی یەكێتییەوە دوچاری هەڕەشە بوەتەوە".

فاروق مەلا مستەفا، خاوەنی گروپی کۆمپانياکانی فاروق لە چاوپێککەوتنێکيدا لەگەڵ درەو ميديا، سەبارەت بە رەوشی سەرمايەگوزاری لە سلێمانی رايگەياندووە، "ئێمە بەردەوامین لەسەر كاروباری خۆمان‌و ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی پرۆژەی شارێكی گەشتوگوزاریی‌و شارێكی نوێین لە دوكان، ئێستا سەرقاڵی نوسینی گرێبەستێكین لەنێوان كۆمپانیاكەمان‌و حكومەتی هەرێم، كۆمپانیاكەمان كۆمپانیایەكی كراوە دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە پشك بەشداری تێدا بكەن".

دەشڵێت، "سەرباری ناكۆكی نێوان حزبەكان لە كوردستان كاروباری پرۆژەكەی ئێمە رانەوەستاوە، ئەم پرۆژە كاریگەری دەبێت لە پێشخستنی كۆمەڵگاكەمان لە هەموو رووەكانی پیشەسازی‌و گەشتوگوزارو نیشتەجێبوون بەشێوەیەكی شارستانی نوێ، بە كورتی دەتوانین بڵێین شارێكی نوێ كە هەموو مەرجەكانی ئەو شارانەی تێیدا بێت كە لە جیهاندا هەن، رۆڵێكی زۆر گەوەرەی دەبێت لە بەرەوپێشچوونی ئابوری وڵاتەكەماندا. چەند وڵاتێك هەیە لە جیهاندا كە داهاتی گەشتوگوزاریان زیاترە لە پارەی نەوت‌و غازی زۆر وڵاتی تر، ئەم شارە نوێیە كە ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی دروستی بكەین، ئێستا لە قۆناغێكی باشدایە".

وتيشی "من لە كۆنەوە تائێستا نە هەڕەشەم لێكراوە، نە هەڕەشەش لە كەس قبوڵ دەكەم، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە هیچ هەڕەشەیەك نەكراوە، هەر بە نمونە ئەم پرۆژەیەی دوكان كە بۆم باسكردن، كاك قوباد‌و كاك بافڵ بەشێوەیەكی سەرسەختانە پشتیوانی جێبەجێكردن‌و تەواوكردنی دەكەن‌و هیچ جۆرە رێگرییەك بۆ ئەم پرۆژەیەو پرۆژەكانی تری ئێمە دروست نەبووە".

فاروق مەلا مستەفا ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ كێشەیەك بۆ پڕۆژەکە نییە، بەڵام رەنگە وەكو هەموو پرۆژەیەكی گەورە هەندێك رۆتین كارەكانی دواخستبێت، بەڵام ئێستا بە گەرموگوڕی خەریكی ئامادەكردنی ئەو گرێبەستەین لەگەڵ حكومەتی هەرێم، لە لایەنی حكومتەوە بەڕێز قوباد تاڵەبانی سەرپەرەشتیاری پرۆژەدەكات، كاك قوباد بەجددی كار لەسەر پێشكەوتن‌و دامەزراندن‌و دەستپێكردنی ئەم پرۆژە گەورەیە دەكات لەگەڵماندا".

باسی لەوەشکردووە. "ئەو قسەوباسانە راست نین كە دەوترێت بەم دواییە ئیشوكارمان لە سلێمانی بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەوە یەكێتییەوە دوچاری هەڕەشە بوەتەوە، من نە پێش 8ی تەموزو نە لە دوای 8ی تەموزەوە گوشارێكم لێ نەكراوە كە شەو خەوم لێ نەكەوێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×