گەرمیان‌و ئەنجامی هەڵبژاردن
  2021-09-19       771       

دڵشآد ئەنوەر

 

ناوچەی گەرمیان، کە قەزاکانی ( کەلار، کفری، دەربەندیخان و چەمچەماڵ) دەگرێتەوە، لە هەڵبژاردندا، کراوەتە بازنەی ٥ ی سلێمانی، ٤ کورسی بۆ ئەم بازنەیە دانراوە و لایەنەکان ڕکابەری دەکەن لەسەر ئەم کورسیانە.
بەپێی بەدواچوونەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووم، بەرچاو ڕوونیم لەسەر دۆخی لایەن و کاندیدەکان دەستکەوتووە، هەرچەندە بە هۆی گۆڕانی سستمی هەڵبژاردنەوە، پێشبینی ئاسان نیە، بەڵام ئەنجامی بەدواداچوونەکان، بەرچاو ڕوونیمان دەداتێ و بەرچاو ڕوونیەکەش ڕێژەییە.
هاوشێوەی سنور و دەڤەرەکانی تر، لەگەرمیانیش، خەڵک بێزار و توڕەیە، لای بەشێک لەخەڵک، هیچ ئومێديک بەهەڵبژاردن نەماوە، لای بەشێکی تریش، ئومێدەکان لاوازن، بۆیە گەر هەڵبژاردنێکی پاک ئەنجام بدرێت، ڕێژەی بەشداری ناگاتە ٦٠٪ و بە دڵنیایشەوە ئەمە لە زاخۆ وە تا گەرمیان هەروایە.

 


لایەنە ئیسلامیەکان
لایەنە ئیسلامیەکان ( یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە)، کاندیدیان لە دەڤەری گەرمیان نیە بۆ هەڵبژاردن، لەکاتێکدا پێشتر لەم دەڤەرە ڕێژەیەک دەنگیان هەبووە.
لایەنگر و دەنگدەرانی هێزە ئیسلامیەکان، توشی حاڵەتێک بوون، نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی بێ کاندیدیدا بکەن، بەتایبەت خیلافی سیاسی و جیاوازی ئایدۆلۆژی، ڕێگرە لەوەی دەنگ بە کاندیدی هێزی تر بدەن.
لایەنگری ئیسلامی دەنگ بە پارتی و یەکێتی نادەن، ئەمە یەکلا بووەتەوە، خیلافی سیاسیان لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەو ترس لە بوون بە بەدیلیان، ڕەنگە هۆکار بێت تا لایەنە ئیسلامیەکان، جدی نەبن لەوەی دەنگدەرەکانیان ڕاسپێرن، دەنگ بەکاندیدی لایەنيکی دەرەوەی خۆیان بدات.
ڕەنگە ئەندام و لایەنگیری هێزە ئیسلامیەکان پابەندیش نەبن بە ڕێنمایی حیزبەکانیانەوە، گەر داوای دەنگدانیان لێبکەن بە کاندیدێکی غەیرە ئیسلامی، چونکە ئەوان ئایدۆلۆژیانە بیر دەکەنەوە و پێیانوایە دەنگدان شاهێدی یە، شاهێدیش موحاسەبەی لەسەرە، ناکرێت بدرێتە غەیرە ئیسلامیەک.
بۆیە بەلەبەرچاو گرتنی ئەو فاکتەرانە، دەنگێکی زۆر کەمی ئیسلامیەکانی گەرمیان بۆ کاندیدی تر دەڕوات، زۆرینەی دەنگەکانیان دەسوتێنن، یان هەر بەشداری ناکەن، بۆیە ئەستەمە کاندیدی غەیرە ئیسلامی، سود لەدەنگی ئیسلامی ببینێت، مەگەر ڕێژەیەکی کەمیان.
ڕەنگە هەڵەیەکی گەورەش بوو، ئیسلامیەکان کاندیدیان نە بێت، دەبوو هەر لەبەر لایەنگر و دەنگدەرەکانیان، تا توشی سەرلێشێوان نەبن، کاندیدیان هەبایە، با دڵنیاش بایەن لەدەرنەچوونی ئەو کاندیدە، چونکە دواجار وەکخۆیان دەڵێن؛ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی هەر گرنگ دەبوو.

 


نەوەی نوێ
بەپێی ڕاپرسی و بەدواداچوونەکان، نەوەی نوێ دەنگ لە بازنەی گەرمیان دەهێنێت، دەنگێکی باشیش، بەڵام کورسیەک دەبەن یان نە، لەسەر دەنگ ژمێر دەمێنێتەوە، نەک دەنگدەر.
خاڵی لاوازی نەوەی نوێ لەسەرانسەری کوردستاندا ئەوەیە، کاندیدەکانی لاواز و جوڵانەوەکە تاڕادەیەک لە ڕووی جەماوەریەوە بەهێز، هەر بۆیە میدیای جوڵانەوەکە کەمتر زوم دەخاتە سەر کاندیدەکانی.
یاخود بە مانایەکی تر، شاسوار عەبدولواحید نایەوێ وەجهو خەڵکی خاوەن پێگە بهێنێتە پێشەوە، بەڵکو دەیەوێت خۆی ئەستێرە دروست بکات، وەکچۆن ٤ پەرلەمانتارەکەی کوردستانی وەجهی دیار نەبوون، بەڵام دروستی کردن.
تاڕادەیەک لەمەدا ناحەقیشی نیە، ئەو وەجهانەی چ لە کوردستان و عێراقیش کاندیدی کردن و دەریچاندن، دواتر سەنگەریان لێگرت، تا وایلێهات لە ١٢ کورسی عێراق و هەرێم، ٤ کورسی بەدەستەوە ما.
ئەمەش وایکرد، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە پشت بە کەس و کاری خۆی و ٤ پەرلەمانتارەکە و هەندێک نزیکی تری ببەستێ و گوێ بە توانا و ئاست نەدات، بەڵکو بیری لای ئەوە بێت، گەر دەرچوون، لەدەستی دەرنەچن.
لە دەڤەری گەرمیانیش، گرفتی نەوەی نوێ، بوونی هاوسۆزێکی زۆر و نەبوونی ئیدارەیەکی باش و بەهێزە بۆ سود وەرگرتن و ئیدارەدان چاودێریکردن و یەکخستنی دەنگەکان، یاخود بوونی هاوسۆزیەکی زۆر و نادیاری نوێنەر، کەدواجار ئەمە زیانی لێدەدات.

 


گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا لەگەڵ یەکێتی بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، لە هەموو لایەنەکان و لەهەموو کات وەزعی خراپترە.
گۆران و هیچ لایەنگرێکی نیە، تێنەگەیشتبێت لەوەی ئەم بزووتنەوە لە چ قەیرانێکی گەورەی پاشەکشەدایە، هۆکارەشی ڕوونە، خراپ ئیدارەدان، فرە جەمسەری، پەرتەوازەیی و خیتاب جیایی، یەکانگیربوونی بەرژەوەندی، شڵەژانی ڕێکخراوەیی، نەمانی ئەجێندا و دونیا بینی و زۆر هۆکاری تر…
کاندیدی گۆڕان لە گەرمیان بەهێز بێت یان لاواز، تاوانی نیە، خەڵک لە بزووتنەوەکەی توڕەیە، متمانەی پێی نەماوە، گەر گوزەرێک بە نێو بازاڕی هەر شارێکدا بکەیت و دەمی خەڵک لە گۆڕان بکەیتەوە، ئەوکات لە حاڵی گۆڕان حاڵی دەبیت.
گۆڕان سەقفی داواکاری خەڵکی بەرز کردەوە، خیتاب توندی داهێنا، گۆڕانکاری و باشکردنی ژیانی خەڵکی کردە بانگەشە، بەڵام هیچی پێشکەش نەکرد و دواتریش بووە بەشێک لە سستمە حیزبیەکەی یەکێتی و پارتی، تا وایلێهات هێندە لە خەمی بەدەستهێنانی پۆستدا بێت بۆ هەڵسوراوێکی، نیو هێندە بیری لای ڕازیکردنی خەڵک نەماوە.
بۆیە گۆڕان فریای خۆی نەکەوێت، گۆڕانکاری لە هەیکەلیەت و بەرنامەو خیتابیدا نەکات، ئەوا لە داهاتویەکی نزیکدا، دەبێتە دوکانێکی سیاسی، هاوشێوەی دوکانە سیاسیەکانی تر.
پێموایە بۆ زانینی دۆخی هەر حیزبێک، نمونەیەک لە گەڕەکێکی سلێمانی وەربگرە، دەتوانی ئەو نمونە بۆ هەموو شاروشارۆچکەکان بکەیتە پێوەر، بۆیە گۆڕان لە سلێمانی دۆخی خراپ بێت، حەتمەن لەگەرمیانیش وایە.
سەنگی گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا، ماوەتەوە سەر ئەوەی هاوپەیمانەکەی کە خاوەنی هێز و چەکە، چی بۆ دەکات، چۆن هاوکاری دەکات بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە.

 


یەکێتی
یەکێتیش لە ڕووی پێگەی جەماوەری و لەدەستدانی متمانەوە، دۆخی لە حیزبەکانی تر باشتر نیە، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە هێشتا هێز و چەک و جوگرافیای لایە، خەڵکانێکی زۆریش بەرژەوەندیان پێوەی بەندە، بێگومان لە عێراقیشدا، هێز تەحەکوم بەئەنجامەوە دەکات.
یەکێتی لە ٤ کورسیەکەی بازنەی گەرمیان، تاڕادەیەک دەرچوونی دوو کاندیدی مسۆگەرە، چۆن؟
ژنێکی کاندید کردووە و ڕکابەری بەهێزی نیە و دەرچوونی تاڕادەیەک مسۆگەرە، هەروەها یەکێک لە کاندیدە پیاوەکانیشی، لە هەموو قەزاو ناحیەکان، کاری بۆ دەکرێت و هەموو شت خراوەتە خزمەتیەوە.
ئەوەشی خزمەت بەیەکێتی دەکات، توڕەیی شەقام و دەنگ نەدانی خەڵکە ناڕازیەکەیە، کە تا ڕێژەی بەشداری نەکردنی ئەم توێژە کەم بێت، لێرە قازانجی یەکێتی و لەولاش قازانجی پارتی یە.
سەرباری خراپی ناوخۆی یەکێتی و توڕەیی خەڵک، هێشتا کەشەکە موئەهەل بوو بۆ ئەم حیزبە، تا دۆخی باشتر بێت، بەڵام کاتێک بەرگی خێڵ کرایە بەرگی کاندیدەکانی و هەر بەرەو بۆ کاندیدێک کاری کرد، پلان نەما، ڕێژەی حسابی تێکچوو، چۆن؟
کاندیدی ژنی بەهێزمان لەگەرمیان نیە، یەکێتی دەیتوانی ئەو بایەخە زۆرە بە ژنە کاندیدەکەی نەدات، بەڵکو لەیەک دوو ناحیەیەک و بەڕاسپاردنی دەنگی تایبەت دەریچێنێت، دواتر دەنگی کەلار و کفری و چەمچەماڵ و دەربەند و بناری بەمۆی بەسەر دوو کاندیدەکەی تریدا دەبەش کردبا، بەبەرنامە، ئەوکات چانسی کورسی دووەم و سێ یەمیشی دەبوو.
ئەمە تەبعەن لە حاڵەتی کەمی بەشداری و بە سود وەرگرتن لەدەسەڵات، نەک هەڵبژاردنی فعلی.

 


پارتی
دەنگی پارتی لەگەرمیاندا جێگیرە، ئەم حیزبە پێشتر ژنێکی کاندید کردو چاوی لە سستمی کۆتابوو، بەڵام کاتێک بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنیان پلانەکەی ئاشکرا کرد و لەدەمی دەرچوو، وتی؛ کاندیدەکانمان لە سلێمانی ژنن.
یەکێتی کەوتە خۆی، ژنی هێنایە پێشەوە، کە یەکێتی لەگەرمیان ژنی هێنایە پێشەوە، پارتی ژنەکەی گۆڕی بۆ پیاوێک، چونکە پێیوابوو، ژن یەک چانسی بۆ دەرچوون هەیە، بەڵام پیاو سێ چانس.
دەرچوونی کاندیدی پارتی ئەگەر و نەگەرە، گەر ڕێژەی بەشداری زۆر بێت، چانسی دەرچوونی لاوازە، گەر ڕێژەکەش کەم بێت، چانسی باشترە.
گەر ئەمجارە کاندیدی پارتی لەگەرمیان دەرنەچێت، قورس دەبێت بۆی، چونکە پێشتر هیچ کاندیدێکی دەرنەچووە، ڕەنگە بۆ هەڵبژاردنەکانی تر، کادیری ئەو حیزبە جورئەت نەکات، بچێتە نێو یاریەکەوە، کە پێشتر هاو حیزبیەکانی تێیدا شکاون.

 


سەربەخۆکان
لە نێو سەربەخۆکاندا، تەنها غالب محەمەد چانسی دەرچوونی هەیە،تا ڕێژەی خروقات کەمتر بێت، بۆ ئەم باشەو چانسی زیاترە.
بەڵام ئەم کاندیدە دوو گرفتی هەیە، دەنگی بەشێک لە گەنجە توڕەو یاخیەکان بۆ نەوەی نوێ دەڕوات، ئینجا بەشيک لە خەڵکە ناڕازیەکیش دەنگ نادەن و ئومێدیان بەهەڵبژاردن نەماوە. واتە بەشێک لە دەنگدەری ناڕازی بۆ دەمێنێتەوە، ئەمەش دیسانەوە و گرفتەو ئاماژەیە بۆ کەرتبوونی دەنگە ناڕازیەکان.
خاڵێکی تر کە گرنگە، گەر بچوکترین دەرفەتی خروقات هەبێت، ڕەنگە ئەم کاندیدە ببێتەقوربانی ڕيککەوتنی سیاسی، چونکە یەکێتی، پارتی و گۆڕانیش هاوڕان لەسەر خستنی، گەر هەڵبژاردنیش پاک بێت، چانسی زیاترە.

 


ئەنجام
یەکێتی کاندیدە ژنەکەی مسۆگەرەو کاندیدی دووەمیشی لە هەموو قەزاو ناحیەکان کاری بۆ دەکرێت و دیسانەوە چانسدارە، دوو کورسی دەمێنێتەوە، تا نەوەی نوێ، پارتی، گۆڕان، سەربەخۆ ڕکابەری لەسەر بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×