"بەرپرسێكی یەكێتی لە زاخۆ بە حەوت ساڵ زیندانی سزادرا"
  2021-09-19       870       

ئەمڕۆ یەكشەممە، دادگای دهۆك، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە، سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر بەرپرسێكی یەكێتی و هەروەها ئەندامێكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)دا سەپاند.

ئاوێنە: میدیای رەسمی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە "لەسەر پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"، مەلا نەزیر بەرواری، بەرپرسی كۆمەڵایەتی زاخوی یەكێتی و ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە لایەن دادگای دهۆكەوە بڕیاری حەوت ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێنرا."

لەلایەكی دیكەوە میدیای نزیك لە پەكەكە بڵاویكردۆتەوە كە ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگاییكردنی مەلا نەزیر، ئەندامی كۆمیتەی دەركارێ-ی یەكێتی و  نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە، دادگای دهۆك بە تۆمەتی “پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە”دا هەردوكیانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادان.

حاجی نەبی، برای مەلا نەزیر بە ڕۆژنیوزی وتوە: "ئەمڕۆ لە دادگا ئامادەبون، هیچ بەڵگەیەكی تاوان نەبو بۆ حكومدانیان، بە تۆمەتبی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەبوە. دادوەر هەریەكەیانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادا و بەهیچ شێوەیەك نەیانهێشت ئێمە قسەیان لەگەڵ بكەین."

ڕۆژی ١١ی شوباتی ئەمساڵ، هێزێکی ئاسایشی دەرکارێ، مەلا نەزیر بەروارییان لە ماڵەكەی خۆیدا دەستگیركرد. 

نعمەت گونەش، ئەندامی هەدەپە، تەمەنی ٥٥ ساڵە و ١٠ ساڵە لە هەرێمی كوردستانە و لە زاخۆ نیشتەجێبوە، لە مانگی ١٢ چوەتە هەولێر و لە ٥ی شوبات لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە بانگهێشتکراوەو ئیتر نەگەڕاوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×