ڕوسیا پشتگیریی جێگیرکردنی سیستەمی فیدراڵیی لەسوریا دەکات
  2021-09-20       1514       

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاشكرایده‌كات، ڕوسیا بەفیدراڵیزمی سوریا ڕازیی بوە، به‌رپرسێكى ڕۆژئاواى كوردستانیش ده‌ڵێت:"ڕوسیا پشتگیریی جێگیرکردنی سیستەمی فیدراڵیی لەسوریا دەکات‌و لەناو ئەو پڕۆژەیەی ڕوسیا بۆ دەستوری ئایندەی سوریا پێشکەشیکردوە، سیستەمی فیدراڵی تێدا جێگیرکراوە".

ئاوێنه‌: ڕیاز دەڕڕار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانی‌و سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا ڕوسیا دان بەستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەنێت وتویەتی:"پێشتر ڕوسیا پڕۆژەی فیدراڵی سوریای پێشکەشکردوەو نوسینگەیەکیشی بۆ "خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان" لەمۆسکۆ کردۆتەوە".

وتویەتی:"لەدەستورە پێشکەشکراوەکەی ڕوسیادا ژوری ناوچەکانی تێدایە کە بەمانای ئیدارەی خۆجێیی دێت‌و بەپێی ئەوە بەشێک لەدەسەڵاتەکان لەسەرۆکایەتیی‌و حکومەتی سوریا لەبەرژەوەندی ئیدارەکان وەردەگیرێتەوە".

دەڕڕار لەبەشێکی تری قسەکانیدا وتى:"ڕوسیا پشتگیریی ڕژێمی سوریا دەکات‌و جڵەوەکەشی بەدەستی خۆیەوەیه‌تى، بۆیە دەتوانێت ناچاری بکات بێتەسەر مێزی دانوستان‌و بەشێوەیەک لەشێوەکانی نا ناوەندێتیی ڕازیی بکات، جا لەژێر هەر ناوێکدابێت".

ده‌شڵێت:"ئیدارەی ئەمریکاش بۆ چارەسەرکردنی پرسی سوریا، لەو دیدگایەی ڕوسەکان نزیکە".

سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا ڕوسیا دەتوانێت ڕێککەوتنێکی دیاریکراو لەنێوان ئیدارەی خۆسەرو ڕژێمی دیمەشق دروستبکات کە بەلای هەردولاوە قبوڵکراوبێت، دەڕڕار وتویەتی:"ڕوسیا دەتوانێت ڕژێمی دیمەشق ناچار بەدانوستانی جیددی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر بکات".

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای لەهەریەک لەواشنتۆن‌و مۆسکۆ کردوە لەبارەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی سوریا بگەنە لەیەکتێگەیشتن، بەشێوەیەک ئیدارەی خۆسەر بەشێک بێت لەو لەیەکتێگەیشتنانە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو جۆرە لەیەکتێگەیشتنانە لەنێوان ڕوسیاو ئەمریکا لەمدواییە لەڕێگای ڕێککەوتنی دەروازەکان‌و ئیدارەدانی دۆسیەی شاری دەرعا، خەریکە دروستدەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×