مەسرور بارزانی: دەست بە دروستكردنی فڕۆكەخانەی دهۆك دەكرێتەوە
  2021-09-21       301       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی پڕۆژەی دروستكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆكی كردو رایگەیاند، دوای پێداچونەوەو ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە شوێنی پڕۆژەی دروستكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك و نەخشەو هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بەسەر کردۆتەوە.

سەرۆكی حكومەت لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە كە "لە کابینەکانی پێشتر بڕیار درابو ئەم فرۆکەخانەیە دروست بکرێت و بڕێک بودجەشی بۆ تەرخانکرابو، کارێکی کەمیشی لەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی ئابوری نەتوانرا تەواو بکرێت."

وتوشیەتی"سەردانی ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە، پێداچونەوەیەک بەم پڕۆژەیەو بەو گرێبەستانەی کراون بکەین، تا جارێکی دیکە دەست بکەینەوە بە دروستکردنی ئەم فڕۆکەخانەیە، کە گرنگە بۆ دهۆک و دەوروبەریش."

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای دیراسەکردنێکی جددی کە دەستی پێکردوە، پڕۆژەکە ئامادە دەکەین، تا ئەم فرۆکەخانەیە بە زوترین کات دەست بەکاربێت و بنیات بنرێت."

بەقسەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەئێستادا پێداچونەوە سەرەتاییەکانی پڕۆژەكە بەرەو کۆتایی چون و "رەنگە هەندێک گۆڕانکاریشی تێدا بکرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×