خەلیل سەرکانی: پێشنیازی کشانەوە لە حکومەت و دەستلەکارکێشانەوەی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەر كراوه‌
  2021-10-12       1355       

لەدوای شکستەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و بەدەستنە‌هێنانی هیچ کورسییەک، لەئێستادا دەنگۆی کشانەوەی بزووتنەوەکە لە حکومەت هەیە و بەرپرسێکی بزووتنەوەکەش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، پێویستە هەندێک کەس لە گردەکە بکرێنەدەرەوە.
  
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕاگەیاندوه‌، "بەڵێ پێشنیازی کشانەوە لە حکومەت و دەستلەکارکێشانەوەی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتیش هەیە، بەڵام ئەمانە تەنها پێشنیاز و بۆچوونن، هەندێک پێیانوایە کشانەوە باشە، هەندێک پێیانوایە باش نییە."    

ڕوونیشیکردەوە، "ئەوەی هەیە تائێستا پێشنیاز بووە، ئەمە هەروا بە بڕیارێکی خێرا ناکرێت و پێویستە سەرەتا جڤاتی گشتی و نیشتیمانی کۆببنەوە و بە دەنگدان بڕیارێک لەوبارەیەوە بدەن کە ئایا لە حکومەت بکشێینەوە یاخود بمێنینەوە."   

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دەبێت هۆکارەکانی شکستەکەمان بزانین کە ئایا لە حکومەت خراپ بووین، یاخود لە پەرلەمان یاخود لە هەڵوێستەکانمان یاخود ساختەکاری کراوە، دواتر هەر بڕیارێک لەوبارەیەوە بدرێت، دەدرێتە خانەی ڕاپەڕاندن و پەسەند دەکرێت."   

خەلیل سەرکانی باسی لەوەکرد، "بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی نەهاتووە و بە دڵنیاییەوە خۆمان ڕێکدەخەینەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری بوێرانەیە، هەندێک کەس لە بزووتنەوەکەدان پێویستە دووربخرێنەوە و هەندێکی دیکەش کە زویر بوون ئاشت بکرێنەوە."   

باسی لەوەشکرد، "تەنها گۆڕانیش نییە کە دەنگەکانی کەمی کردووە، بگرە یەکێتی و پارتی لە گۆڕان زیاتر دەنگەکانیان کەمی کردووە، بەڵام ئێمە پێمانەوە دیارە، سەرەڕای ئەوەش ئەنجامدانی ساختەکاری کاریگەری لەسەر دەنگەکانمان هەبووە و تورکیا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی ساختەکاریدا."   
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×