راوێژکاری کازمی: سبەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت و جیاواز نابێ لە ئەنجامە سەرەتاییەكان
  2021-10-15       591       

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن دەڵێت، دوای نیوەڕۆی سبەی هەینی 15-10-2021 ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رادەگەیەندرێت و جیاواز نابێت لە ئەنجامە سەرەتاییەكان.

ئاوێنە: حسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن، ئەمڕۆ پێنجشەممە  بە روداوی راگەیاند، "ئەنجامی کۆتایی جیاواز نابێت لە ئەنجامە سەرەتاییەکان و کۆمیسیۆن ئێستا کار لەسەر جیاکردنەوەو ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانی ئەو سندوقانەی دەنگدان دەکات کە کێشەو گومانیان لەسەرە؛ بە بڕوای من، تەنیا چەند ژمارەیەکی سادە دەگۆڕدرێن و لە کۆتاییدا هیچ سوپرایزێک لەبارەی ئەنجامەکانەوە رونادات."

حسێن هینداوی، کە سەرۆکایەتیی یەکەم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی لە عێراق لە ساڵی 2005 کردوە، رەتیکردەوە هیچ ساختەکارییەک لە هەڵبژاردن هەبوبێت و وتی، لەم هەڵبژاردنەدا ئامێری زۆر پێشکەوتو بەکارهێنران، ئامادەکارییەکانیش بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردو "زۆر باش و جیاواز بون."

راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە تانە و سکاڵاکان رایگەیاند، "پرسی تانەو سکاڵاکان شتێکی ئاساییەو لە هەمو هەڵبژاردنێکدا رودەدات، بەتایبەت لەلایەن ئەو لایەنانەی پێیانوایە کورسییان لە خولی داهاتوی پەرلەمانی عێراق لەدەستداوە، بەڵام کۆمیسیۆن سورە لەسەر پابەندبون بە لایەنی بێگەردی و لە بەرژەوەندیدا نییە کە لایەنگیری بۆ هیچ لایەنێک بکات، هەروەها ئێمە لە سەرەتاوە هەوڵی سەرخستنی هەڵبژاردنەکانمان داوە."

حسێن هنداوی وتیشی"سبەینی هەینی هەمو ئەنجامی کۆتایی رادەگەیەندرێت و دوای پەسەندکردنی، بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەنێردرێت."

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە باسی لە دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە هەڵبژاردنی 10-10-2021ی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و حەسەن نازم، وتەبێژ بە ناوی حکومەتی عێراقەوە وتی، حکومەت چەندین دەستخۆشی و دانپێدانانی بەدەستگەیشتوە.

نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کازمی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وتویەتی، "بەڵێنی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و بێ هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی و یاسایی بردەسەر."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×