لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی شیعە بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رژانە سەر شەقامەكان
  2021-10-17       651       

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لایەنگرانی ئەو گروپە چەكدارانەی خۆیان بە بەرەی "موقاوەمە" ناودەبەن، لە بەغدای پایتەخت و بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی عێراق رژانە سەر شەقامەكان.

ئاوێنە: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو گروپانە، دوای ئەوە دێت كە هەر ئەمڕۆ، دەستەی هەماهەنگی "موقاوەمەی عێراقی" لە بەیاننامەیەكدا وێڕای رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، داوای لە لایەنگرانی كرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە ئەنجامەكان بڕژێنە سەر شەقامەكان.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، لایەنگرانی ئەو گروپە چەكدارانە لە چەند ناوچەیەكی بەغدای پایتەخت، زیقار، بەسرە، واست، موسڵ و چەند شارۆچكەیەك رژانە سەر شەقامەكان و بە سوتاندنی تایە لەهەندێك شوێن شەقامەكانیان داخستون.

دەستەی هەماهەنگی موقاوەمەی عێراق لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەدابو كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دەستی دەرەكی و بە سەرپەرشتی لایەنی حكومی "دەستكاریكراون" و ئەوەش بۆتە هۆی "شكستی ئەركی كۆمسیۆن لەوەی بتوانێت دژ بەو خواستە دەرەكییەكان بوەستێتەوە كە ئەوەش وڵاتی خستۆتە سەر لێواری تیاچون."

ناڕەزایەتی ئەو گروپانە دوای ئەوە دێت كە دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقی بەتەواوەتی راگەیاند كە رۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×