كۆمسیۆن: لەماوەی 20 رۆژدا تانەكان یەكلایی دەكرێنەوە
  2021-10-17       319       

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاشكرایكرد، لەماوەی 20 رۆژدا تانەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە یەكلایی دەكرێنەوەو ئەنجامەكانیان رادەگەیەنرێت و پاشان ناوی پەرلەمانتارانی براوەی بۆ خولی داهاتوی پەرلەمانی عێراق ئاشكرادەكرێن كە ژمارەیان 329 پەرلەمانتار دەبێت.

ئاوێنە: عیماد جەمیل موحسین، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆن بە میدیای رەسمی عێراقی وتی، وەرگرتنی تانەكان تا دو سبەی و كۆتاییهاتنی دەوامی رەسمی بەردەوام دەبێت و وتیشی، سبەی دەوامی رەسمییان دەبێت بۆ پێشوازیكردن لەوانەی تانەیان هەیە.

بەپێی قسەی عیماد جەمیل، ماوەی وەرگرتنی تانەكان سێ رۆژەو دواتر ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن بۆ ماوەی حەوت رۆژ سەیری تانەكان دەكات و پاشان بۆ ماوەی 10 لەلایەن دەستەی دادوەرانەوە سەیردەكرێن.

وتیشی، دوای ئەوە راستەوخۆ ئەنجامی تانەكان و پاشان ناوی پەرلەمانتارانی براوە رادەگەیەنرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە كۆمسیۆن پابەند دەبێت بە بڕیارەكانی دەستەی دادوەری و ئەگەر لەسەر بنەمای تانەیەك بڕیاریدا بە كردنەوەی سندوقەكانی هەر وێستگە یان بازنەیەك، ئەوا كۆمسیۆن پابەنددەبێت بە كردنەوەیان و ژماردنەوەی دەنگەكانی ئەو وێستگە یان بازنەیە.

جەختیشی كردۆتەوە كە چاودێری نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت تاوەكو پەسەندكردنی ئەنجامەكان.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی رۆژی 10ی ئەم مانگەی راگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×