وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دەیانەوێت وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە مەرج بۆ دەوامكردنی فەرمانبەران و مامۆستایان و لەمەودوا وەرگرتنی ڤاكسینیش سەرەگرتنی ناوێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەیانەوێت بگەنە ئەو بڕیارەی كوتان بە ڤاكسین بكەنە مەرج بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ دەوامكردنیان لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا و چی دیکە وەرگرتنی ڤاكسینیش سەرەگرتنی نەوێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە ژمارەی بنكەكانی پێدانی ڤاكسین زیادیان كردوە، بۆیە فشار لەسەر بنكەكان نەماوە و هەر كەسێك بیەوێت، دەتوانێت ڕاستەوخۆ سەردان بكات و، دەستبەجێ ڤاكسین وەردەگرێت و ناویشی دەخرێتە ناو سیستمی ئەلیكترۆنی.
ئەوەشی ڕون کردەوە کە لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنادا باسی كەرەنتینە و داخستنی قوتابخانە و زانكۆكان لە ئارادا نییە و، ناگەڕێنەوە بۆ ڕاگەیاندنی كەرەنتینە.