2021-10-22   637     
کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەھەولێر له‌راگەیەنراوێکدا ده‌ڵێت، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یەکێتی ئەوروپاو نەتەوەیەکگرتووەکان، لەنزیکەوە چاودێری پرۆسەی دادگایی‌کردنی زیندانیکراوانی بادینان دەکەن. کونسوڵخانەكه ترس‌و دڵەڕاوکێی خۆشی بەرامبەر سەروەرنەبونی یاسا لەھەرێمی كوردستان ئاشكرا ده‌كات.
ئاوێنه: له‌راگەیەنراوه‌كه‌دا كه ئەمڕۆ ھەینی بڵاوکراوه‌تەوە ھاتووە، "خۆشحاڵن بەوەی دادگاکانی ھەرێم دواجار کۆتاییانھێنا بەدۆسییەی کۆمەڵێ ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانی بادینان کە زیاتر لەساڵێکە بوبوه هۆكاری دو دڵی‌و بێمتمانه‌یی".
کونسوڵخانەی ئەڵمانیا ڕایگه‌یاندووه، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یەکێتی ئەوروپاو نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەڵمانیا لەنزیکەوە چاودێری پرۆسەی دادگایی‌کردنی زیندانیکراوانی بادینان دەکەن.
لەبارەی سەروەربوونی یاسا لەھەرێم، راگەیەنراوەکەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەداوە كه "ھێشتا ترس‌و دڵەڕاوکێ بەرامبەر پاراستنی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی سەروەری یاسا لەھەرێمی كوردستاندا ھەیە، بەتایبەتی ئەو ماوەیەی دادگا سەپاندی بەسەر بەشێک لەزیندانیکراوانی بادینان‌و رێگەنەدان بەسەردانیکردنی زیندانیکراوان لەلایەن کەسوکارو پارێزەرەکانیانەوە."
راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەھەولێر پاش ئه‌وه دێت كه رۆژی چوارشەممەو پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردو شه‌ش زیندانیكراوی بادینان له‌لایه‌ن دادگای هه‌ولێره‌وه ئازادکران، دوای ئه‌وه‌ی ماوەی زیاتر له‌ساڵێک لەزینداندا بون.