پاتریارکی کلدانییەکان داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات
  2021-10-23       268       
پاتریارکی کلدانییەکان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات پابەندبن بە بنەما نیشتیمانی و برایەتییەکان، هەروەها داواش دەکات بەزووترین کات حکوومەتی نوێی عێراق پێکبهێندرێت.  

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2021، بەسەرپەرشتی لویس ڕوفائیل ساکۆ پاتریارکی کلدانییەکان لە شارۆچکەی عەنکاوە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەساقیفەکانی کلدانییەکان بەڕێوەچوو سەبارەت بەو دۆخە گرژییەی کە لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتۆتە ئاراوە، دوای کۆبوونەوەکە پاتریارکی کلدانییەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا داوایەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد.

پاتریارکی کلدانییەکان لویس ڕوفائیل ساکۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات پابەندبن بە بنەما نیشتیمانییەکان و برایەتییەکان، داواش دەکات بەرژەوەندی گشتی بخەنە سەروو ئەجێندا حیزبییەکانەوە، هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا داواش دەکات بەشێوەیەکی هێمنانە گفتووگۆ بکەن و گفتووگۆکانیان لەسەر بنەمای لێک تێگەیشتن بێت و کۆتایی بەو گرژییە بهێنن کە لەدوای ئاشراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە دروستبووە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا دەکات بەخێرایی حکوومەتی نوێ لەسەر بنەمایەکی نیشتیمانی پێکبهێندرێت کە توانای جێبەجێکردنی داواکاری هاووڵاتییانی هەبێت.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا پاتریارکی کلدانییەکان هۆشداری لە بەکارهێنانی چەک دەدات و ڕایدەگەیەنێت: پێویستە چەک تەنها بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمان بەکاربهێندرێت.

جێی باسە، لەدوای ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە گرژیێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دروستبووە و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک دەکرێ، هاوکات دوێنێ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئیدانەی ئەو لایەنانەی کرد کە هەڕەشە لە کۆمسیۆن و چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لە عێراق، سەبارەت بە ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ هەینی لەتویتێکدا پێشوازی خۆی بۆ ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×