مونا قەهوەچی: ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەین لەلایەن هەر لایەک ئەنجامبدرێت
  2021-11-23       308       
مونا قەهوەچی

مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە رایگەیاند، "پشتگیری داوا رەواکانی‌ خوێندكاران دەکەین، بەڵام ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەین لەلایەن هەر لایەک ئەنجامبدرێت".

ئاوێنه‌: مونا قەهوەچی ڕایگه‌یاند، "ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین هیچ توندوتیژییەک لەلایەن هیچ لایەک ئەنجام بدرێت، هەموو رێگاکان و رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ هەر توندوتیژییەک ئەنجامبدرێت بەرامبەر هەر قوتابییەک یان هەر هێزێکی ئەمنی، چونکە ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی کوردستانین ناکرێت ئێمە تەنیا بەرگریکاری راوبۆچوون و داواکارییەکانی قوتابییان بین، قوتابییان ئازیزن لای ئێمە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانیش زۆر گرنگن و ماف و گیانیان دەبێت بپارێزین، چونکە ئەگەر ئەوان نەبن ئێمەش ناتوانین ئاسوودانە کارەکانی خۆمان ئەنجام بدەین، بۆیە ئێمە ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەین لەلایەن هەر لایەک ئەنجام بدرێت".

راشیگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵامان راسپارد بەدواداچوون لەسەر داواکارییەکانی خوێندکاران بکەن، دەستیان بە کارەکانین کردووە و بەردەوامیش دەبن".

مونا قەهوەچی دەربارەی هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خوێندکاران و خۆپیشاندەران وتی‌، "یاداشتمان بۆ هاتووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک و لە یاداشتەکەدا داوایان کردووە وەزیرانی پەیوەندیدار بەو پرسە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبن، ئێمە پشت بەو یاداشتە دەبەستین داوا لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و دارایی دەکەین ئامادەبن، هەرکاتێک ئەوان ئامادەبن بێنە پەرلەمان، ئێمە کۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسە ئەنجام دەدەین".

به‌مه‌به‌ستی‌ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندن بۆیان، چەند رۆژێکە خوێندکارانی‌ زانكۆو پەیمانگاكانی‌ سلێمانی‌، هه‌ولێر، هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان خۆپیشاندان‌و گردبونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایی ئه‌نجامده‌ده‌ن‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×