هەڤاڵ ئەبوبەکر: پارێزگای سلێمانی هیچ هێزێکی تایبەتی نییەو فه‌رمان به‌هیچ كه‌س نه‌كراوه‌ توندوتیژی‌ ئه‌نجامبدات
  2021-11-23       902       
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕاگه‌یه‌ندراوێك په‌یوه‌ست به‌خۆپیشاندانی‌ خوێنكاران بڵاوده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، پارێزگای سلێمانی هیچ هێزێکی تایبەتی نییەو فه‌رمان به‌هیچ كه‌س نه‌كراوه‌ توندوتیژی‌ ئه‌نجامبدات‌و هەر حاڵەتێکیش ڕویداوە بکەرەکانی وەک کەس لێی بەرپرسیارن.

ئاوێنه‌: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگه‌یاندووه‌، "ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی؛ بەتوندی ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەین. لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بە لێکۆڵینەوەو دۆزینەی ئەو کەسانەی بەدەر لەهەر بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤ‌و دور لەهەر بڕیارو ڕاسپاردن‌و دیسپلینێکی سەربازیی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەرو هاوڵاتیانی مەدەنی بونەتەوە."

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "هیچ کەسێک، هیچ فەرمانێکی فەرمیی‌و دەوڵەتیی، ڕێکخراو یان ناڕێکخراوی پێنەکراوە بە بەکارهێنانی هیچ جۆرە توندوتیژییەک و هەر حاڵەتێکیش ڕویداوە بکەرەکانی وەک کەس لێیبەرپرسیارن."

هەڤاڵ ئەبوبەکر ده‌ڵێت، "پارێزگاری سلێمانی هیچ هێزێکی تایبەتیی‌و دیاریکراو بەخۆی نییەو، پارێزگای سلێمانیش دامەزراوەیەکی تەواو مەدەنییە."

له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "وەک یەکەم دامەزراوەی دەوڵەتیش هەر دوێنێ هەڵوێستی فەرمیی خۆمان لەسەر داواکاریی خوێندکاران ڕاگەیاندووەو لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە: خوێندکارانی خۆشەویست.. ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی؛ پشتیوانیی لەداوا ڕەواکانتان دەکەین‌و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت، پەیام و داواکارییەکانی ئێوەمان گەیاندۆتە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەخوازین بەزوترین کات وەڵامی داوا ڕەواکانتان بدرێتەوە، پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی ئەرکی هەموومانەو پارێزەری هەر چالاکیی و ڕێگایەکی مەدەنیانە دەبین کە بە ئاشتیانە گوزارشت لە داخوازییەکان بکات))."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×