دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: هیواخوازم لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر کوژرانی موراد کانی کوردەیی دروستبکرێت
  2021-11-27       1385       
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکۆیە بەشداری پرسەی  موراد کانی کوردەیی کرد و رایگەیاند، بۆ لابردنی تەمومژ لەسەر رووداوەکە، هیواخوازە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پێکبهێنرێت و رێکارە یاساییەکان بگیرێتە بەر.

ئاوێنه‌: دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەشکردوە، "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە شاری کۆیە بەشداریمان کرد لە پرسەی عەمید موراد کانی کوردەیی، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی موراد کانی کوردەیی کرد".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پەیوەست بە تێبینی و سەرنجەکانی سەر رووداوەکە و هەروەها بۆ لابردنی تەمومژ لەسەر رووداوەکەو دەرکەوتنی راستییەکان، هیواخوازین لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پێکبهێنرێ و رێکارە یاساییەکان بگیرێتە بەر".

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (25ی تشرینی دووەمی 2021) عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم، لەسەنتەری شاری رانیە لەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

دوێنێش بنه‌ماڵه‌ی موراد كانی راگەیەندراوێکیان لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، عەمید کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە، بە برینداری رفێندراوە، دواتر "لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە"،  بۆیە تۆمەتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتدەکەنەوە و "تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×