بافڵ تاڵەبانی: لەمەودوا پلان‌و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان
  2021-11-30       913       
بافڵ تاڵەبانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان چەندینجار ھۆشدارییان داوە بەحکومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەمەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش و سود وەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، "بۆیە ئێمە لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی ھێزی پێشمەرگە.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، بافڵ تاڵەبانی هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ لەدەباشان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییەکان کۆبوەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو سنوورانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی ئەو سنوورانە کرا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دوای گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە لەسەر میکانیزمەکانی روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایشی زیاتری ھەرێمی کوردستان.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "لەو رووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە چەندین جار ھۆشداریمان داوە بە حکومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش و سوود وەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بۆیە ئێمە لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی ھێزی پێشمەرگە چونکە چۆن خەممان ئارامی و ئاسایشە پێویستە گیانی ھێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە ئاسایش و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆش بپارێزین کە ئەمەش بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەبێت."

هاوكات بافڵ تاڵەبانی فەرماندەو تەواوی ھێزە ئەمنییەکانیشی راسپاردووه‌ کار بەو بڕیارانە بکرێت و چاو کراوەتر بن لەبەرامبەر مەترسییەکانی تیرۆریستان سڵ نەکەوە، "بەتوانا سەربازی و ئەمنییەکانیان ئارامی و ژیانی خەڵک بپارێزن و وەک ھەمیشە گیانفیدابن لەپێناو ژیانی خەڵک و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×