خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ دەستیپێکردەوە
  2021-12-06       551       


بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە و بۆ دوەم رۆژ لەسەر یەک بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین، کۆیە، گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێم کرد دەرماڵەی زانکۆیان بۆ خەرج بکات کە ماوەی چەندین ساڵە بە "نایاسایی" راگیراوە.

ئاوێنه‌: بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە (6ی کانونی یەکەمی) لەسلێمانی، رانیە، گەرمیان، کۆیە، هەڵەبجە و ژمارەیەک ناوچەی دیکەش خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیپێکردەوە و خوێندکاران داوای "گەڕانەوەی دەرماڵە، گەڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆکان، نەهێشتنی رۆڵی حزب لە زانکۆکان، دابینکردنی  پێداویستییە سەرەکییەکانی بەشە ناوخۆییەکان، کەمکردنەوەی جیاوازی لەنێوان زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان بەتایبەت لەڕوی وەرگرتنی کۆنمرەوە" دەکەن.

خوێندکارانی ناڕازی دەڵێن، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە هەڵوێستی دیکەیان دەبێت، هەروەها هۆشداریش دەدەن لەوەی ژمارەیەک لایەن "بەپلان هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەکانمان بەلاڕێدا بەرن ".

21ی تشرینی دوەمی 2021 خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان لەسلێمانی، هەولێر، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، رانیە و چەند ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو و داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکات.

خۆپیشاندانەکەی پێشوی خوێندکاران ماوەی چوار رۆژی خایاند و رۆژی چوارشەممە (24ی تشرینی دوەم) خۆپیشاندانی خوێندکاران کۆتاییهات، لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی گرفتی خوێندکاران چارەسەر بکەین، هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین و سەرکۆنەی روبەڕوبونەوەی توند دەکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×