سوپای عیراق: لەگەڵ پێشمەرگە رێوشوێنی پێویستمان بۆ پاراستنی دانیشتوانی گوندی لھێبان گرتووەتەبەر
  2021-12-06       430       

سوپای عیراق رایگەیاند، بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزەكانی پێشمەرگە، رێوشوێنی پێویستییان بە ئامانجی پاراستنی دانیشتوانی گوندی لھێبان گرتووەتەبەر.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ھێزە ئەمنییە ھاوبەشەكان، ھەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی دانیشتوانی گوندی لھێبان سەربە ناحیەی سەرگەڕان باكووری پارێزگای كەركووك، بۆ زێدی خۆیان ئەوەیش دوای ئەوەی بەرەوڕووی ھەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە و ھاتووە: "رێوشوێنی پێویست بە ئامانجی دەستەبەركردنی ئاسایش و پاراستنی دانیشتوانی ناوچەكە، لەلایەن ھێزەكانی فیرقەی ١٤ سەربە سوپای عێراق و ھێزێكی میحوەری پێنجی پێشمەرگە گیراوەتەبەر".

لە راگەیەندراوەكەدا، سوپای عیراق ھەروەھا رەتی كردووەتەوە، ژمارەیەك خانووی ھاووڵاتییانی نیشتەجێی گوندی لێھبان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە سووتێندرابن و رایگەیاندووە، خانووی ھاووڵاتییانی نیشتەجێی گوندەكە، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە نەسووتێندراوە و ئەو دەنگۆیەش كە لەوبارەیەوە لە ژمارەیەك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوتەوە دوورە لە راستییەوە.

شەوی رابردوو، دانیشتوانی گوندی لھێبان بەھۆی ھەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعشەوە، گوندەكەیان چۆڵ كرد و دواتریش تیرۆریستانی داعش چوونە ناو گوندەكەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، گوندەكەیان چۆڵ كرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×