تارق حەرب: یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەبێ هیچ موفاجەئەیەكی دەستووریی تێدەپەڕێت
  2022-01-09       424       


پسپۆرێكی یاسایی و دەستوری عێراق رایگەیاند:" لە دانیشتنی ئەمڕۆدا موفاجەئە ڕوونادات و دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە دەنگی زۆرینە دەبێت نەك بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان.

ئاوێنه‌:  تارق حەرب پسپۆڕی یاسایی دەستووری پێشبینی دەکات، یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەبێ هیچ موفاجەئەیەكی دەستووریی تێپەڕێت.

ئەو پسۆڕە یاساییە وتی: بەپێی دەستور لە یەكەم دانیشتندا سەرۆكی نوێی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن، بەڵام ڕەنگە ئەندامانی پەرلەمان بەدواخستنەوە قسەیەکی تریان هەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێویستی بەڕەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە و ناکرێت بەبڕیارێکی تاک لەلایەن سەرۆکی كاتییەوە جێبەجێبکرێت.

لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان حەرب ڕونیدەکاتەوە، کە کاندیدی براوە بۆ ئەو پۆستە پێویستی بەڕەزامەندی ١٦٥ جێگر هەیە، کە نیوە كۆی یەكی ئەندامانی پەرلەمانە.

حەرب وتیشی: ئاساییە لەعێراقدا ڕێککەوتنی گشتگیر لەنێوان هێزە پەرلەمانییەکان لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکە هەبێت، بە واتایەکی تر ڕازیبوون بە تێپەڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان مانای ئەوەیە، کە ڕێکەوتنێک لە نێوان هێزە دیاریکراوەکان بە زۆرینەی ئەو ناوانە کراوە کە بۆ ئەو پۆستەكان دەستنیشان کراون.

ئەمڕۆ، خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدەدات، لەو دانیشتنەدا ئەندامانی ئەنجومەن سوێندی یاسایی دەخۆن، بەڵام ڕوون نییە تەواوی ڕێكارە دەستورییەكان جێبەجێ دەكرێت یان دانیشتنەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×