دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی خالد دەڕاجی دەستیپێكردەوە
  2022-01-09       394       

كەمێك لەمەوبەر دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆكایەتی خالید دەڕاجی لەبری مەحمود مەشهەدانی دەستی پێكردەوە.

ئاوێنە: هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتاران دوای تێكچونی باری تەندروستی مەحمود مەشهەدانی و هەڵگرتنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ پشویەك، نەگەڕاونەتەوە هۆڵی پەرلەمان، بەڵام فەرمانگەی رایگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە دانیشتنەكەدا 205 پەرلەمانتار ئامادەن.

بەپێی زانیارییەكان چوارچێوەی هەمانگی شیعەكان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدارنین لە كۆبونەوەكەی پەرلەماندا.

دوابەدوای ئەوە خالید دەڕاجی وتی، مەحمود مەشهەدانی و محەمەد حەلبوسی كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

پاش ئەوە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان دەستی پێكرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە، لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا مەحمود مەشهەدانی، كە وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار، سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دەكرد، دوای دروستبونی گرژی لەنێو پەرلەمان، باری تەندروستی تێكچو و دانیشتنەكەش بۆ پشویەك هەڵگیرا تا كوتلەكان دەگەنە رێككەوتن.

عامر حسێن جاسم عەلی فایز، لەدوای مەحمود مەشهەدانی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە كە وەك یەدەگی یەكەم بۆ سەرۆكایەتیكردنی یەكەم دانیشتن دیاریكراوبو بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە سەرۆكایەتی دانیشتنەكە وەربگرێت.

بۆیە دوای ئەوە یەدەگی دوەم كە پەرلەمانتار خالید دەڕاجییە، سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی وەرگرت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×