كاندیدێكی سەرۆك كۆمار: كورد بە هەموو جیهان دەناسێنم
  2022-01-20       1149       


كاندیدێكی سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵدەدەم لە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان و وڵاتانی دراوسێ كار بۆ سەرجەم عێراقیەكان بكەم و خۆم وەك كوردستانییەك بناسێنم و كوردیش بناسێنم بە هەموو جیهان.

گەلاوێژ عەلی ئەمین پیرداود، كاندیدی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، وەك ژنێك ویستومە ڕچەشكێن بم لە خۆكاندیدكردن، وە هەوڵدەدەم دەنگی ئەو لایەنە كوردستانیانە بەدەستبهێنم كە خۆیان كاندیدییان نیـیە.

وتیشی”وەكو سەربەخۆیەك خۆم كاندید كردووە و سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نیم، وەكو ژنێك وەك مافپەروەرێك بڕوام بەوە هەیە كە پێڕەوی مافی دیموكراسی خۆمان بكەین، هەروەها وەكو ژنێك بۆ ئەوەی یەكسانی جێندەری بەرپا بكەین، هەروەها وەكو كوردێك مافی هەموو كوردە بۆ ئەو پۆستە خۆی كاندید بكات ئەم پۆستە بە تەنها موڵكی لایەنێك نیـیە، وە كورد كە نوێنەرایەتی هەموو كورد و عێراق دەكات لە ناوەندە نێوەدەوڵەتیەكان لەو پۆستەدا من حەز دەكەم نوێنەرایەتی هەموو ژنانیش بكەم”.

سەبارەت بە بەرنامەی داهاتووی ناوبراو ڕایگەیاند، مرۆڤ كە خۆی كاندید دەكات نازانێت دەردەچێت یا نا، بەڵام لە سیاسەتدا هەموو ئەگەرەكان كراوەن، بەڵام من ئەگەر بوومە سەرۆك كۆمار هەوڵدەدەم كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە بكەم كە دژی كورد یان هەر لایەنێكی عێراقی دەركراوە، چونكە كە بووینە سەرۆك كۆمار واتە سەرۆكی هەموو عێراقیەكان، جگە لەوەش هەوڵ بۆ هەستانەوەی ئابوری عێراق و خۆشگوزەرانی ژیانی هاووڵاتیان دەدەم، وە هەوڵدەدەم بە پێی ماددە 71 ی دەستوری عێراق كە هەندێك دەسەڵات دراوەتە سەرۆك كۆمار هەوڵدەدەم لە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان وڵاتانی دراوسێ كار بۆ سەرجەم عێراقیەكان بكەم وە كوردستانیش خۆم وەك كوردستانیەك بناسێنم و كوردیش بناسێنم بە هەموو جیهان.

ئەو كاندیدە ژنە باسی لەوەكرد”هەوڵدەدات دەنگی لایەنەكان بەدەست بهێنێت بە تایبەت ئەو لایەنە كوردستانیانەی سەربەخۆن و خۆیان كاندیدییان نیـیە، هەندێكیان بڕوایان هێناوە و هەندێكیشیان هێشتا ماون”.

هەرچەندە ئەو كاندیدە ژنە لە پێشتردا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوو لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، لە 2/5/2021 دەستلەكاركێشانەوەم داوە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان شانازی بە مێژووی ڕابردوەوە دەكەم، بەڵام ئێستا كەسێكی سەربەخۆم و خۆم كاندیدكردووە و پەیوەندیم بە هیچ لایەنێكی سیاسیەوە نیـیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×