سوریا، ئەمریكا بە هێرشەكەی داعش بۆسەر حەسەكە تۆمەتباردەكات
  2022-01-27       359       

نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، ڕووداوەكانی ئەمدواییەی شاری حەسەكە لە چێوەی “هەوڵەكانی واشنتن-ە بۆ سەرلەنوێ بەگەرخستنەوەی داعش و پێدانی بیانوویەك بۆ هێشتنەوەی هێزەكانی”.

ئاوێنە: بەسام سوباغ، نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەمیانەی دانیشتنێكی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوویدا و ئەوەی ڕوودەدات لە شاری حەسەكە، وا پێویستە دەكات لەسەر ئەنجومەنی ئاسایش بەشێوەی خێرا چاو بخشێنێت بە كاریگەرییەكانی ئەم ڕووداوە مەترسیدارانە.

وتیشی، ئەم ڕووداوانە لە ئاكامی “سووربوونی حكومەتەكانی هەندێك لە وڵاتانە لە هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی تیرۆرستان و خێزانە دەستبەسەراكراوەكانیان لە خێوەتگاكان و ناوەندەكانی دەستگیركردن لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، كە بەشێوەیەكی كۆتایی ببێتەهۆی سنووردانان بۆ بوونیان لەسەر خاكی سوریا”.

نوینەری سوریا ئاماژەی بەوەشكرد، ڕووداوەكەی حەسەكە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەخوازێت كار لەسەر كۆتایی هێنان بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەی تنف بهێنێت.

ئەو لێدوانانە لەكاتێكدایە دوێنێ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی بەندیخانەی غوێران-ی لە شاری حەسەكە و دەستگیركردن و خۆڕادەستكردنی سەرجەم داعشەكانی ناوی ڕاگەیاند.

هێرش و پەلامارەكەی داعش پێنجشەممەی ڕابردوو 20ی كانونی دووەم بۆسەر بەندینخانەكە دەستیپێكرد، لەو ماوەیەدا هەسەدە لەڕێی هەڵمەتی وردەوە پلانەكەی پوچەڵكردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×