راوێژكاری دارایی كازمی: كاتی چارەسەركردنی كاریگەرییە لاوەكییەكانی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارە
  2022-02-17       559       

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، ئێستا كاتی چارەسەركردنی كاریگەرییە لاوەكییەكانی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارە.

ئاوێنە: مەزهەر محەمەد ساڵح، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی راگەیاند"ئێستا كاتی ئەوەیە سیاسەتی دارایی رۆڵی گرنگ و كارای خۆی ببینێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كاریگەرییە لاوەكییانەی كە لە گۆڕینی نرخی دۆلارەوە كەوتونەتەوە لەگەڵ ئەو كاریگەریانەی لەسەر داهات دروست بون بەتایبەت ئەو كاریگەرییە نەرێنیانەی كە لەسەر چینە هەژارو كەمدەرامەتەكان دروستبون بەبێ ئەوەی قەرەبوش بكرێنەوە."

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێی وایە بۆ چارەسەركردنی ئەو كاریگەرییانە، گرنگە باجی گومركی كەمبكرێتەوە بەتایبەت لەسەر كاڵا خۆراكییەكان و دەرمان و ئەو پێداویستیانەی بەرهەمهێنانی ناوخۆ كە لەدەرەوە هاوردەدەكرێن لەگەڵ داڕشتنەوەی پێكهاتەی پشتیوانی حكومەت بۆ ئەو كاڵاو خزمەتگوزاریانەی كە راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر چینە هەژارەكە هەیە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، پێی وایە لەوەش گرنگتر، پشتبەستنە بە سیاسەتی خستنەسەركاری ئەوانەی بێكارن لەگەڵ فراوانكردنی روبەری داهاتی نەختینە، ئەوەش لەڕێگەی چەند رێكارێكی زیاترو ئاوارتەوە، چونكە بەبڕوای ئەو، "بێكاری یەكێكە لە مەترسیدارترین بەڵای ئابوری و كۆمەڵایەتی لە عێراقدا."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا شەش پێشنیاری لەبارەی نرخی دۆلارەوە خستەڕو كە یەكێكیان بریتی بو لە دەستبەجێ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بۆ پەرلەمانی عێراق.

دوابەدوای ئەوەش سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بانگهێشت كردو بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتو، بە سەرۆكایەتی حاكم زاملی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كۆبونەوەیەك لە پەرلەمان بە ئامادەبونی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بەڕێوەبچێت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی نرخی دۆلار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×