سەدر دەڵێت: گوشاری حزبی و تائیفی لەسەر دەسەڵاتی دادوەری هەیە
  2022-02-24       735       

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند، گوشاری حزبی و تائیفی لەسەر دەسەڵاتی دادوەری عێراق هەیە لە پەیوەست بە دۆسیەكانی گەندەڵی و دۆسیەی هەندێك لەو تۆمەتبارانەی كە هێرشیان كردۆتە سەر شكۆی دەوڵەت و بارەگاكانی دەوڵەت.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند"بەپێی ئەو زانیارییە وردانەی پێمانگەیشتون، گوشاری حزبی و تائیفی لەسەر دەسەڵاتی دادوەری عێراق هەیە لە پەیوەست بە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی و دۆسیەی هەندێك لەو كەسانەی كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی توندوتیژی و كردنە ئامانجی شكۆی دەوڵەت و بارەگا گرنگ و تایبەتەكانی دەوڵەت."

سەدر جەختی لە پاراستنی شكۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی ئەو دەسەڵاتەو پاراستنی لە گوشارەكان كردۆتەوە كە هەوڵدەدرێت لەو رێگەیانەوە هەندێك لە تێوەگلاوان دەربازبكرێن.

هەروەها ستایشی رۆڵی حكومەتی كردوە لە شوێنپێهەڵگرتنی هەندێك لەو تۆمەتبارانەی كە لە گەندەڵی و توندوتیژییەوە گلاون و داواشی لە حكومەت كردوە هێزی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بەكاربهێنێت و وتوشیەتی"ئێمەش لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ هاوكاریكردنییان لە رێگەی پەرلەمان و گەورەترین كوتلەو گەورەترین هاوپەیمانییەوەو رێگە بە پیشێلكردنی شكۆی دەسەڵاتی دادوەری و دەوڵەت نادەین و دەستەوەستان نابین و شكۆی عێراق لەسەرو هەمو ئینتیمایەكەوەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×