ڤلادیمیر پوتین و دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت
  2022-02-26       1191       

جەیمس هیرشبێرگ

وەرگێڕانی: سەفەر محمد ساڵح

 

پەند لەهەڵەکانی مێژو
ڤلادیمیر پوتین کوڕی سەردەمی جەنگی ساردە. لە دەزگای هەواڵگری سۆڤییەت(KGB) کاریکردوە، بە حەزەوە لە ململانێکەو کێشەی ئەتۆمی ڕوانییوە. لانیکەم لە هەندێ ڕوەوە، دوای ئەوەی ساڵی (۲۰۰۰) دەسەڵاتی گرتە دەست، هەرەسی یەکێتی سۆڤییەتی بە(تراجیدیای ڕاستەقینە) و (گەورەترین کارەساتی جیۆسیاسی) سەدەی بیست وێناکرد. ئێستاش پێناچێت پوتین بەپەرۆشەوە لە ڕوداوەکانی شەڕی ساردی کۆڵیبێتەوە یان لانیکەم سودی لە وانەکان وەرگرتبێت، سەبارەت بە قەیرانی هەنوکەیی ئۆکرانیا.
لە گۆشەنیگای قۆناغەکانی جەنگی ساردەوە، سەرکردەکانی (کریملین) لێکدانەوەکانیان هەڵەبون سەبارەت بە کردارە دەستدرێژی و هەڕەشەو هێرشەکانیان کە بە زەرەرو زیان بەسەر بەرژەوەندییەکانی سۆڤییەتدا شکانەوە. لە هێرشی سۆڤییەت بۆ سەر هەنگاریا لە ساڵی( ۱۹٥٦)، بەمەبەستی فشارخستنەسەر حکومەتی کۆمۆنیستی لە پۆڵەندە بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی یەکێتی بازرگانی لە سەرەتاکانی (۱۹٨۰)کان و هەوڵەکانی سۆڤییەت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، ئەمەش ئەوەی بیری خۆرئاوا هێنایەوە کە بۆچی هەر لەسەرەتاوە دژی سۆڤییەت یەکییان گرت.

ئەمڕۆ، واپێ دەچێت ڤلادیمیر پوتین هەڵەی سەرکردەکانی پێشوی سۆڤییەت دوبارە دەکاتەوە، بەوەی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا بە مەبەستی پشگیری ئۆپۆزسیۆنی ئۆکرانیایە وەک هەیمەنە و هەناسەیەکی نوێ بۆ ڕوسیا بەرامبەر هاوپەیمانی خۆرئاوا.

 

سەرکێشی و ڕیسک

هەر لە دەسپێکی جەنگی ساردەوە، سەرکردەکانی سۆڤییەت هەڵەبون لە بەکارهێنانی زۆرترین فشار لە هەوڵەکانییان بە مەبەستی پتەوکردنی قەڵەمڕەوییان لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا. دوای جەنگی دوەمی جیهانی، فشار و هەڕەشەکانی سۆڤییەت دژی ئێران، تورکیاو یۆنان، وایکرد ئەمەریکا سیاسەتی دەورەدان(containment) لە پشت وڵاتانی کۆمۆنیستی بۆ ڕێگرتن لە فراوانبونی سۆڤییەت بگرێتە بەر. لە ساڵی (۱۹٤٨)، (ستالین) هەوڵیدا، ئەمەریکا و بەریتانیا(کە هاوپەیمانی پێشوی بو لە شکست پێ هێنانی هیتلەر) لە بەرلین بکاتە دەرەوە لە ڕێگای پچڕانی ڕێگای وشکانی، کە یەکێتی سۆڤییەت ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و ئەمەریکاو بەریتانیاش خۆرئاوای ئەڵمانیایان داگیرکردبو. ئەم هەنگاوە پێچەوانە بوەوە، ڕێڕەوێکی ئاسمانی گەورەی ئەمەریکی- بەریتانی کرایەوەو شکستی بە تەوقدانەکەی سۆڤییەت هێنا، ئەمەش هانی سەرکردەکانی خۆرئاوای دا بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانی سەربازی بەمەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی سۆڤییەت، کە ئەنجامەکەی دروستبونی (ناتۆ) ی لە (نیسانی ۱۹٤۹)لێکەوتەوە. چەند ساڵێکی کەم پاش کۆتایی هاتنی شەڕ، کە ئەمەریکییەکان وەک پاڵەوان دەیانڕوانییە سۆڤێتییەکان بەرامبەر هێرشی نازیی، کەچی ئێستا ئەڵمانەکان لە بەرگری دان دژی هێرشی سۆڤییەت و زۆرداری ئەوان.

ساڵێک دوای ئەم تەوقدانە بێ سودە، (ستالین) هەڵەیەکی تری کرد، کاتێک ڕازی بو بە هێرشی (کیم سونگ) سەرۆکی کۆریای باکور بۆ سەر کۆریای باشور و داگیری بکات لە حوزەیرانی ۱۹٥۰ و نیمچە دورگەی کۆریا بخاتە ژێر دەستی کۆمۆنیستی. (کیم )، ستالینی دڵنیاکردەوە لەوەی بە سانایی و خێرایی سەردەکەوێت بەسەر ئەو بەشەی کۆریای باشور کە دەکەوێتە خوار هێڵی ۳٨ . لەم ڕوەوە پێ دەچێت ستالین لەلایەن ئیدارەی( هاری ترومان)وە فریودرابێت بەوەی ئەمەریکا دو دڵە لە دەستێوەردانی سەربازی بۆ بەرگری کۆریای باشور. بەشێوەیەکی هەڵە لێکدانەوەی کرد کە واشنتۆن خۆی دورە پەرێز دەگرێت لە هاریکاری (سیئۆل).  بێ گومانیش پیۆنگ یانگ شکستی هێنا لە داگیرکردنی کۆریای باشور و شەڕ بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بو، نیمچە دورگەکەش تا ئێستا بە دابەشکراوی ماوەتەوە.
لەمەش خراپتر، ئەم هەڵوێستەی سۆڤییەت سەبارەت بە هێرشەکەی کۆریای باکور، بوە هۆی ئەوەی کە چۆن خۆرئاوای بە ئاگا هێنایەوە، تەنانەت فەڕەنساش ڕازی بو ئەڵمانیای خۆرئاوا پڕ چەک بکرێت.
لە ساڵی ۱۹٥٥ئەڵمانیای خۆرئاوا پەیوەندی بە( ناتۆ) وە کرد(پاش بەڵێندانی لەوەی لەداهاتو بیر لە چەکی ئەتۆمی نەکاتەوە)، بەڵام ساڵێک دواتر و لە ساڵی ۱۹٥٦، هاوپەیمانان لەنێوان خۆیاندا توشی کێشە بونەوە. لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ (بەریتانیاو فەڕەنسا) کە دو کۆڵەکەی ئەوروپی (ناتۆ) بون، هێرشیان کردە سەر میسر بۆ دوبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی (نۆکەندی سوێز)، چەند مانگێک پێشتر (جەمال عبدلناسر )ی سەرۆکی میسر خۆماڵی کردبو.ئەمەش پیلانێک بو لەگەڵ ئیسرائیل[کە نیمچە دورگەی سینا داگیربکەن بە بیانوی پاراستنی نۆکەندەکە]، ئەمەش بەبێ ئاگاداری ئەمەریکا بو، ئەمەریکا لەگەڵ دانوسان بو لەگەڵ (جەمال عبدلناسر) هەوڵەکانی ئەوروپییەکان بۆ بەدەستهێنانەوەی کۆڵۆنییەکانیان لە میسر، (ئایزنهاوەر)ی سەرۆکی ئەمەریکای توڕەکرد، (بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسڕائیل)ی ناچارکرد بکشێنەوە.
هاوپەیمانی خۆرئاوا ساردی تێکەوت، بەڵام ڕۆژانی دواتر و لە سەرەتای نۆڤێمبەر، کاتێک سۆڤییەت هێرشی کردە سەر هەنگاریا، ئەمەش پاش ئاڵۆزی و ڕوداوەکانی وڵاتانی ژێر دەستی سۆڤییەت هات، (نیکتا خرۆشۆف) سەرۆکی سۆڤییەت لە وتارێکدا ڕەخنەی لە سیاسەتی (ستالین) گرت، بەمەش هەنگارییەکان دەستییان کرد بە چاکسازی(هەرچەندە هێشتا هەر کۆمۆنیستی) بو، بەڵام مۆسکۆ بەشێوەیەکی دڕندانە ڕاپەڕینی هەنگارییەکانی سەرکوت کرد.
دەستدرێژییەکانی مۆسکۆ، گرنگی بەردەوامی هاوپەیمانانی دوپاتکردەوە. سەرەڕای کێشە زۆرو کەڵەکەبوەکانی (ناتۆ)بۆ ماوەی چەند (دە)یەیەک، هاوپەیمانەکان بە درێژایی جەنگی سارد بەردەوام بون. خۆپیشاندانە بەردەوامەکان لە سۆڤییەت ، وایکرد، (کریملین) سەبارەت بە (بەرلینی خۆرئاوا) بە سیاسەتەکەیدا بچێتەوە(ئەمەش قەیرانی دوەمی بەرلین بو ۱۹٥٨-۱۹٦۱).
داگیرکردنی چیکوسلۆڤاکیا لە ساڵی (۱۹٦٨ )و ئەفغانستان لە ساڵی( ۱۹۷۹) و هەڕەشەی داگیرکردنی پۆڵەندا( ۱۹٨۰ -۱۹٨۱)، هەماهەنگی هاوپەیمانانی بەهێزتر کرد.
سۆڤییەت، هەندێ جار بەشێوەیەکی خێرا باجی دەستتێوەردانەکانی نەدەدا،بەڵام لە ڕوی نێودەوڵەتییەوە لە شان وشکۆی سۆڤییەت دەهاتە خوارەوە، و گەمارۆکانی ئەمەریکا دۆخێکی نەخوازراوییان بۆ دروست دەکرد. هەرچۆنێک با، سۆڤییەت لە وڵاتێک نەیارێکی دروست دەکرد و یارمەتی دەدا بە مەبەستی زیادبونی هەژمونی خۆی.
بەکارهێنانی هێز دژی چیکوسلۆڤاکیا، بوە هۆی خێراتر سەرهەڵدانی (کۆمۆنیزمی ئەوروپی)، کە پارتی کۆمۆنیستی نەتەوەیی بون لە خۆرئاوای ئەوروپا، بۆ نمونە، لە ئیتاڵیا، کە کەمتر ملکەچی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤییەت بون، سەرەنجام هەیمەنەی سۆڤییەت کەمبوەوە.  هەروەها لە ئەفغانستانیش ، مۆسکۆ پلانی هێرشی دانا و بە چەند مانگێکی کەم داگیری کردو سەرکردەیەکی کۆمۆنیستی بۆ دانا، بەڵام خۆی بەرامبەر ڕوبەڕوبونەوەو تێکۆشانێکی توندی شۆڕشگێڕە ئەفغانییەکان  بوەوە، کە ئەمەریکا هاریکاری دەکردن و بۆ (دە)یەیەک بەردەوام بو.ئەم شەڕە یەکێتی سۆڤییەتی زۆر لاواز کرد.

 

دەرئەنجامی پێچەوانە

دوا سیناریۆ، دەشێ، ڤلادیمێر پوتین نیگەران بکات هەرچەندە نە ئەمەریکا و نە ناتۆ خواستی دەستێوەردانی سەربازییان نەبو بۆ پاراستنی ئۆکرانیا لەداگیرکاری ڕوسیا، ئەمەش مانای ئەوەنییە، یارمەتی ئۆکرانییەکان نەدرێت لە شەڕی پارتیزانی دژی داگیرکەران، ئەمەش لە ڕابردودا ڕویداوە، وەک هێزەکانی (ئەدۆڵف هیتلەر) لە جەنگی دوەمی جیهانیدا ڕوبەڕوی بونەوە. وا پێدەچێت، ئۆکرانییەکان زیاتر ئامادەبن و خواستی شەڕییان هەبێت بە بەراورد بە بۆ نمونە چیکوسلۆڤاکیای ۱۹٦٨. بێ گومان، ڕوسیا مەبەستییەتی ئۆکرانیا داگیربکات یان دروستر (داگیربکاتەوە)، چونکە ئۆکرانیا جیاوازە لە هەنگاریاو پۆڵەندە، لەبەرئەوەی ئۆکرانیا پێشتر کۆمارێکی یەکێتی سۆڤییەت بو، هەروەها لە ڕوی زمان و ڕەگەز و مێژوشەوە نزیکن لە ڕوسیا.
هەرچەندە تەواوی جیهان و تەنانەت ڕوسیاش بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی ۱۹۹٤ و پاش هەرەسی یەکێتی سۆڤییەت ددانی بە سەروەری ئۆکرانیادا ناوە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
زۆر لە ئۆکرانییەکان بە باشی مامەڵەی خراپی سۆڤێتییەکانیان بیر دێتەوە، کاتێک وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤییەت دابو، ملیۆنان کەس لە برسا مردن لەسەردەمی (ستالین)دا لە ساڵانی (۱۹۳۰)، بەمجۆرە دەشێ بیرەوەرییە مێژوییەکانییان هاندەر بن بۆ بەرەنگاری داگیرکاری ڕوسیا.
پوتین هێندە لە ڕوداوەکانی جەنگی سارد بێ ئاگا نییە، بەوەی دەستدرێژییەکانی ڕوسیا کاردانەوەی نەرێنی نەبێت. پاش ماوەیەکی کەم لە دەسەڵات گرتنەدەست، ڤلادیمێرپوتین، کتێبێکی بڵاوکردەوە(First person; An Astonishingly frank self patriat by Russia´s president) ددانی بەوەدا ناوە کە دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکانی یەکێتی سۆڤییەت بەزەبری هێزلە خۆرهەڵاتی ئەڵمانیا، چیکوسلۆڤاکیا، هەنگارییا،(هەڵەیەکی گەورە)بون. هەروەها دەڵێ( ڕوسیۆفۆبیا )کە ئێستا لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا هەستی پێ دەکەین،بەرهەمی ئەو هەڵانەیە. وشەی (هەڵە) مەبەست لێی ئەوەبوکردەسەربازییەکان باش هەڵنەسەنگێنراون، زیاتر لەوەی کردەیەکی نادادپەروەرانەو هەڵەبێت.بەهەرحاڵ، بەوردبونەوەی خۆی، ڤلادیمێرپوتین، دەبوایە باش بیزانیبا داگیرکردنی ئۆکرانیا، بەشێوەیەکی دراماتیکی (ڕوسیۆفۆبیا )لەوڵاتانی دەوروبەری زیندو دەکاتەوەدەرەنجامەکانی لەوانەیە، وەک ئەوانی پێشو نەبێت.نۆستالیژیای پوتین بۆ دروستکردنەوەی یەکێتی سۆڤییەت بێ ئایدیۆلۆژیاییەکی جیهانی کە تەنیا پشت بە ئۆتۆکراسییەکەیی و هێزی ڕوسیا بەستێت، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕوسیا پەلکێشی شەڕ بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×