روسیاو ئۆکرانیا ئاماری شه‌ڕو ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی‌ سێ ڕۆژی‌ ڕابردو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌
  2022-02-26       1082       

سه‌باره‌ت به‌زیانه‌كانی شه‌ڕو ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی‌ سێ ڕۆژی‌ ڕابردوی‌ نێوان روسیاو ئۆکرانیا، هه‌ردولا ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە. 

ئاوێنه‌: وەزارەتی بەرگری روسیا ئەمڕۆ شەممە ئاماری سێ رۆژی هێرشەکەی بۆسەر ئۆکرانیا بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، 821 ژێرخانی سەربازی ئۆکرانیا کراونەتە ئامانج کە 11 یان فڕۆکەخانە بون، هەروەها 7 فڕۆکەی جەنگی، 7 هێلیکۆپتەر، نۆ درۆن‌و 48 رادار تێکشکێنراون.

ئەوەش هاتوە، 87 تانک، 118 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 28 سیستەمی هەڵدانی موشەک، 14 بنکەی سەربازیی،  19 سەنتەری پەیوەندی‌و خاڵی سەرپەرشتیکردنی شەڕ، 48 رادارو 24 سیستەی دژە موشەکی ئۆکرانیا لەناو براون.

له‌به‌رامبه‌ردا سوپای ئۆکرانیا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، لەماوەی سێ رۆژی هێرشی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان، 3500 سەربازی روسیا کوژراون‌و 200 سەربازیش بەدیل گیراون، هەروەها لەو ماوەیەدا 14 فڕۆکەی جەنگی، 8 هێلیکۆپتەرو 10 تانکی روسیایان تێکشکاندوە.

ئەمڕۆ هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراینا پێی نایە رۆژی سێیەمەوەو له‌ئێستادا شه‌ڕو روبەڕوبونەوەكان گه‌یشتۆته‌ سەر شەقامەکانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×