بەڕێوەبەری باج: دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن
  2022-02-28       545       


بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن". دەشڵێت: " 80٪ی داهات کە لە باج کۆکراوەتەوە هی کۆمپانیاکانە".

رۆژی دووشەممە 28-02-2022، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارەی (97)ی خۆی بە سەرۆکایەتیی عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کرد کە میوانداری دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان کرد.

وەک لەکارنامەی دانیشتەنەکەدا ئاماژەی پێکرابوو، دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەسەر باجەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی خستەڕوو.

بە وتەی دکتۆر کەمال وەرتی، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، "ئێمە یاسایەکی سەربەخۆمان نییە بۆ رێکخستنەوەی باج لە هەرێمی کوردستان، واتە بۆمان نییە لەخۆمانەوە هیچ باجێک بسەپێنین و یان لە نوێوە دایبنێین، بۆیە ئەوەیە ئەوەی هەیە هەمووی یاسا کۆنەکانی عێراقین، هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان و هەشتاکان، لەوانە یاسای خانووبەرە هی ساڵی 1962ـە، باجی زەوی بەتاڵ 1962ـە، باجی دەخل 1982".

کەمال وەرتی، ئاماژە بەوە دەدات کە زۆربەی زۆری ئەو یاسایانە لە هەرێمی کوردستان "لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیان پەرلەمانی کوردستان لە قۆناخە جیا جیاکاندا هەمواری کردوونەتەوە".

بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو یاسانە و ئەو چاکسازیانە کرد کە لەبواری باجدا کراون.

کەمال وەرتی، باسی باجی کۆمپانیاکانی کرد و وتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی زۆر باج لەسەر کۆمپانیاکان دەسەپێنین، باجی کۆمپانیا 15٪ـە لە قازانج وەردەگیرێت، کە ئەوەش کەمترین رێژەیە لە عێراق بەراورد بە هەموو دونیا".

کەمال وەرتی دەڵێت: "ئەگەر هاتوو کۆمپانیایەک راپۆرتی دارایی خۆی پێشکەشکرد و دەسەڵاتی دارایی راپۆرتەکەی رەتکردەوە، ئەوکاتە کێشەکە لێرە دەستپێدەکات. لەبەر ئەوەی هەرێمی کودستان سەرخان و ژێرخانی لە رووی داتاو زانیاری و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زانیاری لە ئاستێکی پێشکەوتوو و تۆکمە رێکوپێکدا نەبووە، بە ئاسانی باجدەران خۆیان لە دانی باج دەدزنەوە و قازانجەکانیان ناخەنەڕوو. بۆیە بەپێی ماددە 26 لە یاسای باجی دەخل راستەوخۆ پەنا دەبردرێتە بەر خەمڵاندن، سیستەمی خەمڵاندنیش سەرکەوتوو نابێت، چونکە لەسەر بنەمای داتا و زانیاری نییە".

بە وتەی کەمال وەرتی گەورەترین گرفتی ئەوان ئێستا لە سێکتەری باج کە دووچاری بوونەتەوە "بابەتی نەگەیشتنە بە داهاتی راستەقینەی باجدەر، چونکە لە هەر دامودەزگایەکی حکومی پرسیار دەکەی.. زانیاری لەسەر ئەو کۆمپانیایە نییە".

بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە سوپاسەوە ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە بۆ دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەو ئاریشە و کێشانە زاڵ ببین و بەمەش لەمە بەدوا کار بە خەمڵاندن ناکرێت، راستەوخۆ لەسەر راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکان دەڕۆین".

کەمال وەرتی ئاماژە بەوەش دەدات کە لە ساڵانی رابردوو کۆمپانیاکان "فێڵییان" لە حکومەت کردووە و بە "کارەساتی زۆر گەورە" ناوی دەبێت و دەشڵێت: " کۆمپانیا  هەبووە بە ترلیۆن دینار ئیشی کردووەو بە سەتان ملیار دینار قازانجی کردووە، کەچی گوتوویەتی 10 ساڵ لەسەر یەک زەرەرم کردووە".

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان "سەرووی 95٪ی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بودجەی ساڵانەیان کە پێشکەشکردووە، هەمووی وەهمی بووە".

کەمال وەرتی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هەڵمەتێکی فراوانیان  دەستپێکردووە "لەگەڵ ژمێرکارەکان و پارێزەران و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان لایەنە پەیوەندیدارەکان دانیشتووین، ئەو بەرنامەیەی حکومەتمان لە نزیکەوە پێ راگەیاندون، بە زووترین کات هەرکەسێک لەمە بەدوا فێڵ بکات.. رێکاری یاسایی تووندی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر. لەسەر فێڵکردنیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کۆمپانیا سزادراون، بە سەتان کۆمپانیا دراونەتە دادگە".

کەمال وەرتی هۆکاری زیادبوونی داهاتی باج بۆ گرتنەبەری رێکارەکان دەگەڕێنێتەوە نەک زیادکردنی باج و دەشڵێت: "رێژەی باج لە قازانج هەروەکو خۆیەتی کە 15٪ـە، بەڵام رێکار و میکانزمەکان تووندوتۆڵ و تۆکمەکراون، هەموو ئەو رێکارانەش وایانکردووە کە داهاتی باجی کۆمپانیاکان زیاد ببێت".

کەمال وەرتی ئاماژە بەوەش دەدات، بەپێی یاسای ژمارە 113ی ساڵی 1982 باجی پیشەوەرانیش رێکخراوەو دەڵێت: " باجی پیشەوەرانیش لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی پیشەوەران رێکخراوەو، ئەوە نییە جیاوازی لەنێوان پیشەوەرێک و پیشەوەرێکی دیکەدا نەکرێت، بە سەتان پیشەوەر هەن یەک دنیاریش باج بە حکومەت نادەن، بۆ نموونە نانەواخانەیەک خۆی و خێزانی بێت، خاوەنی نانانەواخانەکە یەک سەرچاوەی داهاتی هەبێت و 4 منداڵیشی هەبێت، ساڵانە حکومەت بە 6 ملیۆن دینار قازانجەکەی دەخەمڵێنێت، بەڵام لێخۆشبوونی یاسایی کاسبارەکە خۆی 2 ملیۆن و نیوە، خێزانی 2 ملیۆن و نیو، بۆ هەر منداڵکێک 300 هەزار لێخۆشبوونی هەیە، کەواتە 6 ملیۆن و 200 هەزار دینار حکومەت لێی خۆش دەبێت، کەواتە حکومەت قەرزداریشی دەبێتەوە".

کەمال وەرتی دەڵێت: "بە دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن. سەرتاشخانەمان هەیە ساڵانە 8 هەزار دینار باجی بە حکومەت داوە، هەشە 2 ملیۆن دینار باجی داوە".

سەبارەت بە داهاتی باج و جیاوازی ئەو داهاتەی لە باجدەران و باجی کۆمپانیاکان هەیە، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: " دهاتی 500 هەزار باجدەر لە سەرتاسەری کوردستان نەگەیشتووەتە 80 ملیار دینار، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکان زیاتر لە 500 ملیار دینار بووە. واتە 80٪ی داهات ئەوەی لە باج کۆکراوەتەوە هی کۆمپانیاکانە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×