كۆمپانیایەكی سویدی تۆمەتبارە به‌ پارەدان بە داعش
  2022-02-28       475       


كۆمپانیای ئێریكسۆنی سویدی بۆ ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە گەندەڵی بە بڕی ملیۆنان دۆلار لە عێراق و پارەدان بە ڕێكخراوی داعش.

ڕۆژنامەی بلومبێرگی ئەمریكی ڕاپۆرتێكی لەبارەی دۆسیەكانی كۆمپانیاكەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كۆمپانیای ئێریكسۆن كە كۆمپانیایەكی سویدییە و تایبەتە بە ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، ملیۆنان دۆلاری خەرجكردووە لە مامەڵەی گوماناویدا بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ فرۆشتنی كاڵاكانی لە عێراق.

ڕاپۆرتەكە كە پشت بە زانیاریی “یەكێتیی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی بنكۆڵكار” دەبەستێت، ئاشكرایكردووە، كۆمپانیای ئێریكسۆن لە ساڵی 2018دا پارەكانی ڕەوانەی عێراق كردووە، بەڵام نازانرێت دوایین كەس و لایەن كێ بوون كە ئەو پارانەیان وەرگرتووە.

دەشڵێت، “بە لایەنی كەمەوە 10 فەرمانبەری كۆمپانیاكە ئاكارەكانی كۆمپانیاكەیان پێشێلكردووە و تۆمەتبارن بە بەرتیلدان و فێڵ و شتنەوەی پارە و ئاستەنگی خستنەبەردەم ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە.

سەبارەت بە گومانی پارەدان بە داعش لەلایەن كۆمپانیا سویدییەكەوە، ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە ڕایگەیاندووە، “30 بارهەڵگری كۆمپانیای ئێریكسۆن بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا تێپەڕیون و بۆ هەر بارهەڵگرێك 3000 بۆ 4000 دۆلار دراوە، دەوترێت ڕەوانەكردنی بارهەڵگرەكان لەو ناوچانەوە، لەپێناو خۆدزینەوە بووە لە ڕێكارە یاساییەكانی تایبەت بە پشكنینی گومرگی لە عێراق”.

فرۆشی كۆمپانیای ئێریكسۆن لەنێوان ساڵانی 2011 و 2018دا لە عێراق  1.9 ملیار دۆلار بووە، بەڵام دوای ئاشكرابوونی سەرەتاكانی ئەم دۆسیانەی لە عێراق لەسەری كەڵەكەبوون، پشكەكانی 14.5 پاشەكشەیان كردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×