مالیکى: هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان قبوڵکراو نییە
  2022-03-22       544       


نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان قبوڵکراو نییە وچوارچێوەى هەماهەنگى داواینەکردووە و دژى دەوەستێتەوە.  

ئاوێنه‌: مالیکى لە بەیاننامەیەکدا وتى "وروژاندنى ئەم بابەتە پێش دانیشتنى ٢٦ى مانگ، ئامانج لیی بڵاوکردنەوەى ترسە لەناو پەرلەمانتاران بەتایبەت سەربەخۆکان وناچارکردنیان بۆ بەشداربوون لە کۆبونەوەکە".  

وتیشى "پەرلەمانتاران دەزانن ئەم رسە راستەقینە نییە".  

پێشتر سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر 26ی مانگ سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت، هیچ رێگەیەک نامێنێت جگە لەهەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و دوبارەکردنەوەى هەڵبژاردن.  

ڤیان سەبرى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا (22-3-2022) ئاماژەى بەوەکرد، پێویستە 220 ئەندام ئامادەبن لەکۆبوونەوەى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و پڕۆسەکە ئاڵۆزە. 

وتیشى وادیارە دواى داواکەى سەدر ژمارەیەکى زۆرى سەربەخۆش ئامادەبن، چونکە نایانەوێت ببنە هۆى پەکخستنى پڕۆسەى سیاسی.    

ڤیان سەبرى دەلێت، ئەگەر لەو دانیشتنەدا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت، هیچ رێگەیەک نامێنێت جگە لە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و دوبارەکردنەوەى هەڵبژاردن، ئەوەش زۆر زۆر زەحمەتە.    

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×