چوارچێوەی هەماهەنگی: بە دەستپێشخەرییەک وەڵامی سەدر دەدەینەوە
  2022-04-01       666       

عاید هیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، لە دو رۆژی داهاتودا دەستپێشخەرییەکیان بۆ دەربازبون لەو داخرانە سیاسییەی لەعێراقدا هەیە، دەبێت و دەیخەنە بەردەم هەمو لایەنەکان و  بەوەش پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چارەسەر دەبێت.

 ئاوێنە: عاید هیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە روداوی راگەیاند، بڕیارە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، بۆ وەڵامدانەوەی پەیامەكەی موقتەدا سەدر.

 سەرکردەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وتی"بڕیارە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەکی گشتگیر و تەواو بۆ چارەسەرکردنی ئەو داخرانە سیاسییەی کە عێراقی تێکەوتوە ئامادەبکەن".

 بەوتەی عاید هیلالی دەستپێشخەرییەکە چەند خاڵێک لە خۆدەگرێت، لەوانە تێڕوانینی پێکهێنانی حکومەت، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن کە فراکسیۆنی شیعەیەو وتی "ئەو دەستپێشخەرییە سەرەتایەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەوڵدەدرێت لەماوەی ئەو 40 رۆژەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دیاریکردوە جێبەجێ ببێت و لەو ماوەیەدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێرین و حکومەتیش پێکبێت".

سەبارەت بە وردەکاریی دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، عاید هیلالی، ئاشکرایکرد"رێککەوتن دەبێت لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و حکومەت، واتە رێکدەکەوین کەسێک بۆ سەرۆک کۆمار هەڵبژێرین و حکومەت پێکبهێنرێت، کە ئێمەش بەشێک دەبین تێیدا، ئێمە رەوتی سەدر پەراوێز ناخەین و رەوتەکە خاوەن پێگەیەکی گەورەیە، رێککەوتنەکەش وادەکرێت کەس پەراوێزنەخرێت".

 دوێنێ لە تویتێكدا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند"دەرفەت دەدەمە سێیەکى پەکخەر بۆ ئەوەى دانوستاندن لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان بکەن بۆ پێکهێنانى حکومەتێكى زۆرینەى نیشتیمانى بەبێ فراکسیۆنی سەدر لە یەکى مانگى رەمەزان تاوەکو نۆى مانگى شەوالى داهاتو".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×