چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ ده‌ستپێشخه‌ری نوێوه‌ سه‌ردانی سه‌در ده‌كه‌ن
  2022-04-11       505       

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لیژنه‌یه‌كی پێنج قۆڵیان پێكهێناوه‌ و به‌ ده‌ستپێشخه‌ری نوێوه‌ سه‌ردانی موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در ده‌كه‌ن.

ئاوێنه‌: محه‌مه‌د کەحلاوی، سەرکردە لە هاوپه‌یمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیای نزیك له‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاندووه‌: "چوارچێوەی هەماهەنگی جوڵە و دەستپێشخەریەکی نوێی هەیە، چەند کوتلەیەکی تریش پێشنیازیان هەیە، کە دەیانەێت نزیک ببنەوه بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆیە ئەمە گۆڕانکاری تازەیە و لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامەکەی دەبینین، ئەنجامەکانیش بەو شێوە دەبێت کوتلەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی پێکەوە حکومەت دروست دەکەن، چونکە هەردوو لایەنەکە بۆیان دەرکەوتوە بێ یەکتری ناتوانن هەنگاو بنێن".

چوارچێوەی هەماهەنگی و نزیکەکانیان هەرچەند دەکەن نازانن چۆن خۆیان لەو دۆخە چەقبەستوە رزگار بکەن، بۆیە لە دوا کۆبونەوەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لیژنەیەکی پێنج قۆڵی دروست بکەن و بە دەستپێشخەری تازەوه جارێکی تر بۆ رازیکردنی موقتەدا سەدر روو له حەنانە بکەن.

عەقیل تائی، شرۆڤەکاری سیاسی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌: "چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازی کردووە و لیژنەیەکی پێنج قۆڵی پێکهێناوه، تا لەگەڵ کوتلەی سەدری کۆببنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی نایەوێت دوور لە کوتلەی سەدری حکومەت پێکبێنێت، چونکە کوتلەی گەورەیان بۆ دروست ناکرێت".

ده‌شڵێت: "من وەک چاودێرێکی سیاسی پێم وایە دەبێت چ لایه‌نه شیعەکان یان سوننە و کورد، دەبێت سازش لە داواکاریەکانیان بکەن لە پێناو رزگاکردنی ئەم وڵاتە".

چوارچێوەی هەماهەنگی، بە تەواونەکردنی رێژەی یاسایی پەرلەمان تا ئێستا رێگرە لە بەڕێوەچونی کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لە بەرامبەریشدا ناتوانن بێ هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمانی هیچ هەنگاوێک بنێن بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش عیراقی گەیاندووەتە قۆناغی بۆشایی دەستووری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×