وەزارەتی نەوتی عێراق: لیترێك بەنزینی موحەسەن بە 1500 دینار دەكڕین و بە 650 دینار دەیدەین بە هاوڵاتییان
  2022-04-19       313       


وەزارەتی نەوتی عێراق جەختدەكاتەوە نرخی بەنزین بەرزناكەنەوە و دەڵێت، “لیترێك بەنزینی موحەسەن بە 1500 دینار دەكڕین و بە 650 دینار دەیدەین بە هاوڵاتییان”.

ئاوێنه‌: لەمبارەیەوە موسا غانم یاریدەدەری بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوت هیچ نیاز و پلانێكی بۆ گرانكردنی بەنزین نییە و نرخی بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و گاز بەرزناكرێتەوە.

وەزارەتی نەوت لە ماوەی ڕابردوودا ئاشكرایكردبوو كە حكومەت لیترێك بەنزینی موحەسەن بە 1500 دینار دەكڕێت و بە 650 دینار دەیدات بە شۆفێران، ئەوەش ملیاران دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت.

هاوكات موسا غانم كە بەڕێوەبەری پشكنینە لە وەزارەتی نەوت، ئەو زانیارییەی پشتڕاستكردەوە و لەگەڵ ئەوەشدا جەختیكردەوە كە نرخی بەنزین بەرزناكەنەوە و وتی، لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دینار و موحەسەنیش بە 650 دینار دەمێنێتەوە.

حكومەتی عێراق سووتەمەنی بە كەمتر لە نرخی ڕاستەقینە دەدات بە شۆفێران و كارگەكان، نرخی تۆنێك نەوتی ڕەش لە بازاڕی جیهاندا 900 هەزار دینارە، بەڵام وەزارەتی نەوت تۆنێك نەوتی ڕەش بە 300 هەزار دینار دەدات بە كارگەكانی قیر و بۆ كارگەكانی دروستكردنی خشت تۆنێكی بە 100 هەزار دینارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×